رووداو دیجیتاڵ
لە پێکدادانێکی چەکداریدا لە سنووری مەریوان، سەربازێکی سوپای ئێران (ئەرتەش) کوژرا و ئەفسەرێکیش بریندار بوو.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 2ی ئابی 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی فیرقەی 28ی پیادەی ئەرتەشی ئێران لە پارێزگای سنە رایگەیاند، لە ئەنجامی پێکدادانێکی چەکداریدا لەگەڵ گرووپێکی چەکدار لە یەکێک لە گوندەکانی سەر سنووری شاری مەریوان، سەربازێک کوژراوە و ئەفسەرێکی سوپاش بریندار بووە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی فیرقەی 28ی پیادەی ئەرتەشی ئێران لە پارێزگای سنە، پێکدادانەکە لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی "گرووپە تیرۆریستییەکان" لە ناوچەیەکی سنووریی مەریواندا روویداوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو سەربازەی لە پێکدادانەکەدا کوژراوە، ناوی "ئەبوڵفەزل گودەرزی"یە کە سەر بە لیوای 328ی گەڕۆکی هێرشبەری سوپای ئێران بووە لە مەریوان.
لەلایەکی دیکەوە، لیوای 328ی سوپای ئێران لە مەریوان لە راگەیێندراوێکی جیادا کە لایەن میدیای ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە دەڵێ، هێرشەکە کاژمێر 3:00ی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە لەلایەن هێزەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ئەنجامدراوە.
لیوای 328ی سوپای ئێران دەڵێ: "چەکدارانی پژاک بە بەکارهێنانی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوی بچووک و تەقاندنی رۆکێتی ئار پی جی، هێرشیان کردووەتە سەر یەکێک لە بارەگاکانی لیوایەکە لەسەر سنوور."
لەگەڵ ئەوەی، لیوای 328ی سوپای ئێران، هێرشەکەی خستووەتە ئەستۆی پژاک، بەڵام تاوەکو ئێستا نە ئەو پارتە و نە هیچ گرووپێکی دیکە بەرپرسیارێتیی فەرمیی خۆیان لەو هێرشە رانەگەیاندووە.



