رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، بەپێی رێککەوتنی نێوان عێراق و تورکیا، بڕیارە لە رۆژی یەکشەممەوە تورکیا خاڵە سەربازییەکانی لە سەربازگەی زیلیکان رادەستی هێزە عێراقییەکان بکاتەوە؛ هاوکات تیشک دەخاتە سەر دۆسیەی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و دەنگۆی بوونی هێزی ئۆکراینی لە هەرێمی کوردستان.
دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممە (21ی تشرینی یەکەمی 2026)، یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند تاوەکو ئاسایشی سنوورەکانیان بە تەواوی مسۆگەر نەکرێت هێزەکانیان لە عێراق و سووریا ناکشێننەوە، ئەم لێدوانە کاردانەوەی بەغدای لێکەوتەوە. حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق تاوتوێی لێدوانەکەی وەزیری بەرگریی تورکیایان کردووە و داوایان لە باڵیۆزی عێراق لە ئەنقەرە کردووە بەدواداچوون و وردبینی بۆ ئەو هەڵوێستە بکات.
کشانەوە لە زیلیکان و کۆنترۆڵکردنی چیای شنگال
سەبارەت بە رێککەوتنی ئەمنیی نێوان بەغدا و ئەنقەرە، حەیدەر عەبوودی ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتی کۆبوونەوەی 23ـی ئەیلوولی نێوان عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە نیویۆرک، راگەیێندراوێکی هاوبەش بڵاوکرایەوە و رێککەوتن لەسەر ئەوە کرا، کە دەوڵەتی عێراق کۆنترۆڵی چیای شنگال بگرێتە دەست و سەربازگەی زیلیکان لە باشیک و خاڵە سەربازییەکان چۆڵ بکرێن.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق گوتی: "لە رۆژی یەکشەممەوە ئەو خاڵە سەربازییانە رادەستی لایەنی عێراقی دەکرێنەوە، ئەوانەشی پەیوەستن بە چەکدارانی نێو شنگال، تێکەڵ بە هێزە فەرمییە ئەمنییەکان دەکرێن."
سەربازگەی سوپای تورکیا دەکەوێتە نزیک گوندی گوداد، کە تەنیا پێنج کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزای شێخانەوە دوورە دەکەوێتە سنووری پارێزگای نەینەوا.
چارەنووسی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە عێراق
لەبارەی ئامادەیی هێزەکانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی حکومەتی عێراق جەختی لەوە کردەوە، کە هاوئاهەنگی هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی چەکدارە ئێرانییەکان و لەو بارەیەوە رێککەوتن و هەنگاوی پێشکەوتوو نراوە.
عەبوودی گوتیشی: "ئەوەی لەم دواییانەدا لەبارەی رادەستکردنەوەیان بە ئێران دەبیسترێت، تاوەکو ئێستا تەنیا لە ئاستی گفتوگۆدایە و نەبووەتە رێککەوتنی کۆتایی؛ چونکە چوارچێوەی یاسایی نێودەوڵەتی هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو چەکدارانەی کە لە وڵاتێکن و دژی دەوڵەتێکی دیکە چالاکی دەکەن."
هەروەها جەختی کردەوە کە عێراق پەیامی دڵنیایی داوەتە وڵاتانی دراوسێ، کە رێگە نادات خاکەکەی ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشیان، هاوکات لە هەنگاوەکانیدا پابەندی سەرجەم یاسا و چوارچێوە نێودەوڵەتییەکان دەبێت.
هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان و بیانووی دراوسێکان
لە دوای 28ـی شوباتی 2026ـەوە، زیاتر لە 1,000 هێرش لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە لەلایەن ئێران و گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی نزیک لەو وڵاتەوە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، کە بەغدا سەرکۆنەی هەر هێرش و دەستدرێژییەک دەکات بۆ سەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان، چونکە پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق بەشێکە لە دەسەڵاتی دەوڵەت. بەڵام لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوە کرد، "بوونی گرووپە چەکدارەکانی تورکیا یان گرووپە کوردییەکانی ئێران لە نێو هەرێمی کوردستان، وەک بیانوو و پاساو بە دەست وڵاتانەوە دەمێنێتەوە بۆ ئەنجامدانی ئەو پەلامارانە."
تۆمەتی "درۆنەکانی ئۆکراینا" لە هەرێمی کوردستان
رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بانگەشەی ئەوەی کرد، کە ئۆکراینا سەرباز، شارەزای درۆن و هەزاران درۆنی بچووکی لە هەرێمی کوردستان جێگیر کردووە و تاران ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێکی دوژمنکارانەی ناتۆ و ئەورووپا دژی ئاسایشی خۆی دەبینێت، کە بە بێوەڵام نامێنێتەوە.
لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەدا، حەیدەر عەبوودی رەتیکردەوە هیچ شانەیەکی ئۆکراینی لە عێراق هەبن و گوتی: "کاتێک وڵاتێک تۆمەتێک ئاراستەی وڵاتێکی دیکە دەکات، ئێمە بەرپرسیار نین وەڵام بدەینەوە. بەڵام ئایا عێراق بووەتە گۆڕەپانی بیانییەکان بۆ کارێکی لەو شێوەیە؟ نەخێر شتی وا نییە و بەپێی زانیارییەکان هیچ شانەیەکی لەو جۆرە بوونی نییە کە هەڕەشە لە دراوسێکان بکات، سیاسەتی روونی دەوڵەتیش رێگە بە هیچ گرووپێک نادات وڵاتانی دراوسێ بکاتە ئامانج."
پێشتریش باڵیۆزخانەی ئۆکراینا لە عێراق بە فەرمی ئەو راپۆرتانەی رەتکردەوە و لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندبوو، ئەم تۆمەتانە بێبنەمان و هەڵمەتێکی چەواشەکارانەی ئامانجدارن، جەختیشی کردەوە کە کیێڤ هیچ درۆنێک یان کارمەندێکی سەربازیی لە هەرێمی کوردستان و هیچ ناوچەیەکی دیکەی عێراق دانەمەزراندووە.
.webp&w=3840&q=75)


