رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی خەڵکی گەرمیان و هاوژینە رۆمانیاییەکەی، دوای بڕینی زیاتر لە پێنج هەزار کیلۆمەتر بە پایسکل، خەونەکەیان بەدی هێنا و لە لەندەنەوە گەیشتنە هەرێمی کوردستان.
هەڤاڵ مەحموود، پایسکلسوارێکی کوردە بە رووداوی گوت: "ئێمە رۆژی 3ی ئایار لە لەندەنەوە دەستمان بە گەشتەکە کرد، سبەی دەبێتە سێ مانگ کە ئێمە لە رێگەین. تاوەکو ئێستا نزیکەی 5 هەزار کیلۆمەترمان بڕیوە و هەرێمی کوردستان 17یەمین وڵاتە کە پێی دەگەین."
ئەو دوو پایسکل سوارە، بە درێژایی گەشتەکەیان دیمەنەکانیان تۆمار کردووە. لە وڵاتی بەلجیکا، تووشی رووداوێکی هاتووچۆ بوونە، بەڵام بە سەلامەتی لێی دەرچوونە. ئەوان سووربوون لەسەر بەردەوامی بە گەشتەکەیان تاوەکو گەیشتن بە کوردستان.
ئەدلینا لۆرێنت، پایسکلسواری رۆمانی، باسی هۆکاری هاتنی بۆ کوردستان دەکات و دەڵێت: "هەڤاڵ سەیری هەندێک ڤیدیۆی کوردستانی کردبوو و زۆر بەدڵی بوون، بۆیە داوای لێکردم لەگەڵیدا بێم. منیش گوتم، بۆ نا؟ شتێکی سەرنجڕاکێش دیار بوو، بەڕاستی شایەنی ئەو ماندووبوونە بوو."
ئەو دوو گەشتیارە ئێستا لە زاخۆن، بەڵام گەشتەکەیان هێشتا کۆتایی نەهاتووە و بڕیارە دوای دوو رۆژی دیکە لە بەردەم قەڵای هەولێر دوایین پێ لێدانی پایسکلەکانیان بکەن و کۆتایی بە گەشتەکەیان بهێنن.



