رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، هێزە ئەمنییەکانی ئێران باوک و کوڕێکیان دەستگیرکرد، ئەوەش دوای ئەوەی ویستوویانە ئەو مەڕوماڵاتانە بگەڕێننەوە کە بەهۆی تەقەی پاسەوانانی سنووری ئێرانەوە لە شوێنەکە بەجێهێڵدرابوون.
بەپێی زانیارییەکانی ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە راپەڕین، رووداوەکە لە کوێستانەکانی (ئاوە سپی) لە سنووری (چیای مامەندە) لە ناحیەی هەڵشۆ روویداوە، کە تێیدا خاڵێکی سەربازیی هێزەکانی ئێران لەو سنوورە دروست کراوە.
بەگوتەی پەیامنێری رووداو، سەرەتا شوانێکی خەڵکی هەڵشۆ مەڕەکانی بردووەتە کوێستانەکانی مامەندە، بەڵام بەهۆی ئەوەی نزیک بووەتەوە لە خاڵە سنوورییەکانی ئێران، پاسەوانانی سنووری ئەو وڵاتە تەقەی لێدەکەن و شوانەکە بۆ پاراستنی گیانی خۆی رادەکات و 150 سەر مەڕ لە شوێنەکە جێدەهێڵێت، هێزەکانی ئێرانیش دەست بەسەر مەڕەکاندا دەگرن و دەیانبەنە نێو بنکە سەربازییەکەیان.
ئەبوبەکر ئیسماعیل دەڵێ، دوای چەند کاژێرێک دوو ئەندامی هەمان خێزان، کە باوک و کوڕێکن، بە مەبەستی سۆراخکردن و وەرگرتنەوەی مەڕەکانیان دەچنە هەمان ناوچەی نزیک خاڵە سەربازییەکەی ئێران، بەڵام لەوێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر دەکرێن و دەگوازرێنەوە بۆ شاری سەردەشت لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
ئەبوبەکر وەیس، بەڕێوەبەری ناحیەی هەڵشۆ بە رووداوی راگەیاند، "باوک و کوڕەکە خەڵکی سنووری هەڵشۆن و شوانن، باوکەکە تەمەنی لەنێوان 65 بۆ 70 ساڵدایە و کوڕەکەشی تەمەنی نزیکەی 22 ساڵە."
بەڕێوەبەری ناحیەی هەڵشۆ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان وەک ئیدارەی ناوچەکە لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و گوتی، "لیژنەیەکمان پێکهێناوە و لەڕێگەی پەیوەندییەکانمان و دەروازەی سنووریی (کێلێ)وە قسەمان لەگەڵ لایەنی ئێرانی لە سەردەشت کردووە، بۆ ئەوەی ئەو باوک و کوڕە ئازاد بکرێن، چونکە ئەوان تەنیا شوانن و هیچ مەبەستێکی دیکەیان نەبووە."


