رووداو دیجیتاڵ تەرمی گەنجێکی تەمەن 23 ساڵان بە ناوی محەممەد مەحموود، شەوی 31.07.2026، لە نزیک بەنداوی خاسە لە کەرکووک دۆزرایەوە. کەسوکارەکەی دەڵێن، کوڕەکەیان کوژراوە و گومانیان لە هاوڕێکانی هەیە، بەڵام پۆلیس دەڵێت، دەستگیرکراوەکان دەڵێن رووداوەکە بەهۆی وەرگەڕانی ماتۆڕسکیلەوە بووە. کەسوکاری محەممەد دەڵێن، لە شوێنی دۆزینەوەی تەرمەکەدا چەقۆ و "دامربۆکس" (ئامێرێکی لێدان) دۆزراونەتەوە، ئەمەش گومانی ئەوەیان لا دروست دەکات کە کوڕەکەیان کوژرابێت. وەلید مەحموود، برای محەممەد، بە رووداوی گوت: "هیچ شوێنەوارێکی وەرگەڕانی ماتۆڕی پێوە نەبووە، پشتی سەری نەماوە. شوێنەواری دامربۆکس و چەقۆی پێوەیە. ماتۆڕەکەی هیچ زیانێکی بەرنەکەوتووە و هیچی نەشکاوە." پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە و پێنج کەسیان دەستگیرکردووە. بە گوتەی پۆلیس، تۆمەتبارەکان گوتوویانە، "محەممەد و هاوڕێیەکی بە ماتۆڕ وەرگەڕاون و ملی شکاوە و گیانی لەدەستداوە." کەسوکارەکەی باوەڕ بەو گێڕانەوەیە ناکەن و سکاڵای یاساییان لەسەر سەرجەم ئەو کەسانە تۆمار کردووە کە لەگەڵ کوڕەکەیان بوون. مەحموود رەمەزان، باوکی محەممەد، بە رووداوی گوت، "ئێمە سکاڵامان لەسەر ئەو کەسانە تۆمار کردووە کە لەگەڵی بوون و ژمارەیان نۆ کەسە. سکاڵامان لەسەر هەموویانە، هەرچەندە ناوی هەموویان نازانین." هاوڕێیەکی نزیکی محەممەدیش دەڵێت، دوای رووداوەکە دوو موبایل و جانتای پارەکەی محەممەد براون. مستەفا نوورەدین، هاوڕێی محەممەد، گوتی: "جزدانەکەی نزیکەی 20 بۆ 25 وەرەقەی تێدابووە، بەڵام کە وەرمانگرتەوە تەنیا پێنج بۆ شەش هەزار دیناری تێدابوو." محەممەد مەحموود، وەستای چاککردنەوەی ماتۆڕسکیل بووە و ئەو هاوڕێیانەی لەگەڵی بوون، بەشێکیان موشتەریی بوون.
کوردستان02-08-2026چوار عەرەبی هاوردە لە کەرکووک دوای وەرگرتنی قەرەبوو، زەویی خێزانێکی کورد داگیر دەکەنەوە