رووداو دیجیتاڵ چوار عەرەبی هاوردە دوای ئەوەی قەرەبووی ماددەی 140یان وەرگرتووە، جارێکی دیکە زیاتر لە 118 دۆنم زەویی هاونیشتمانییەکی کورد لە کەرکووک داگیر دەکەنەوە. ئێستا دۆسیەکەیان لە دادگەیەکی شارەکەیە. کشتوکاڵی کەرکووک نووسراوی پاڵپشتی بۆ خێزانە کوردەکە بۆ دادگە ناردووە. ئەو زەوییە دەکەوێتە گوندی تەپەگوڵ لە سنووری قەزای دووز لە کەرکووک. محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: دۆسیەی ئەو جووتیارە کوردە ئێستا لە دادگەیە، زەوییەکەیان لەلایەن ئەو عەرەبە هاوردانە پێشتر داگیرکرابوو، عەرەبە هاوردەکان دوای وەرگرتنی قەرەبوو زەوییەکەیان جێهێشتبوو. بەگوێرەی ماددەی 140ی دەستووری عێراق، هەر عەرەبێکی هاوردە لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بڕی 20 ملیۆن دینار و پارچەیەک زەوی پێدەدرێت بۆ ئەوەی ئەو زەوییانە بەجێبهێڵن کە لە چوارچێوەی پرۆسەی بەعەرەبکردن لە دەسەڵاتی پێشووی عێراق وەریان گرتبوو. عەلی عومەر حەمە مستەفا، واریسی ئەو خێزانەیە کە زەوییەکەیان بەناوەوەیە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دواى 2003 ئەو زەوییەمان وەرگرتەوە، بەڵام ساڵی 2016 جارێکی دیکە ئەو چوار جووتیارە بە پاڵپشتیی هێز و هەڕەشەکردن گەڕانەوە سەر زەوییەکەمان و ناچار بووین بەجێی بهێڵین." ئەو پارچە زەوییەی خێزانە کوردەکەی کەرکووک لە ساڵی 1995 بە شێوەی گرێبەست دراوەتە ئەو چوار کەسە. عەلی عومەر حەمە مستەفا رایگەیاند، نووسراو لە دادگەوە نێردراوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خانووبەرەی دووز بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە زەوییەکە بەناوی کێوەیە، بەڵام هێشتا وەڵامی دادگە نەدراوەتەوە. بەگوێرەی نووسراوێک کە زوهێر عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی کەرکووک لە 14ی تەممووزی 2026 ئاراستەی دادگەی لێکۆڵینەوەی دووبز کردووە، ئەو چوار جووتیارەی ئێستا زەوییەکەیان بەدەستەوەیە، هیچ پەیوەندییەکی یاساییان بەو زەوییانەوە نییە.
کوردستان02-08-2026وەزارەتی پەروەردە بۆ رووداو: 110 پەرتووک نوێکراونەتەوە؛ گۆڕانکاری لە پۆلی 12 نەکراوە