رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دوێنێ بەهۆی شەپۆلێکی گەرماوە دوو کاژێر کاتی دەوامی فەرمانگەکان لە پارێزگای ئیلام کەمکرایەوە، پەیوەندییە گشتییەکانی پارێزگاکە رایگەیاند، بڕیارەکە بۆ دوو رۆژی دیکەش درێژدەکرێتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 2ـی ئابی 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رای گشتی ئاگادارکردەوە کە بەهۆی شەپۆلێکی گەرماوە، دەوامی فەرمیی فەرمانگەکان بۆ رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە کەمدەکرێتەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، بەراورد بە رۆژانی ئاسایی، کاتی دەوامی فەرمیی دامەزراوە کارگێڕییەکان، بانکەکان و کۆمپانیاکانی بیمە لە سەرانسەری پارێزگاکە دوو کاژێر زووتر تەواو دەبێت.
لە راگەیێندراوەکەی پەیوەندییە گشتییەکانی پارێزگای ئیلامدا ئەوەش هاتووە، کەمکردنەوەی دەوامی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان، بنکەکانی تەندروستی، پۆلیس و ئێشکگرەکان ناگرێتەوە.
کەمکردنەوەی دەوامی فەرمانگەکان لە ئیلام لەکاتێکدایە، دوێنێش بە هەمانشێوە دەوامی فەرمی دوو کاژێر زووتر تەواوبوو.
بەگوێرەی کەشناسیی ئیلام، پلەی گەرما لە هەندێک ناوچەی پارێزگاکە گەیشتووەتە 49 بۆ 50 پلەی سیلیزی و پێشبینیدەکرێت شەپۆلە گەرماکە تاوەکو نێوەڕاستی ئەم هەفتەیە بەردەوام بێت.



