رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەکی زۆر لە "خاوەن بڕوانامە نوێیەکان" داوادەکەن دەرماڵەی بڕوانامەکانیان بۆ خەرجبکرێت، بەڵام وەزارەتی داراییی هەرێمی کوردستان دەڵێت، جێبەجێکردنی داواکارییەکەیان پێویستی بە تەرخانی دارایی هەیە.
ئەو خاوەن بڕوانامانە لە یاداشتێکدا کە بۆ رۆژی هیوا جەمالیان ناردووە، دەڵێن، "ئێمە خاوەن بڕوانامە نوێیەکانین و پێشتر میلاکی حکومەت بووین، لەکاتی فەرمانبەریدا خوێندوومانە، بڕوانامەی بەرزتر لەوەی هەمان بووە بەدەستمانهێناوە، دەمانەوێت دەرماڵەی ئەو بڕوانامە نوێیانەمان بۆ خەرجبکرێت."
ئەوانەی لە دوای 2025ـەوە بڕوانامەی نوێیان بەدەستهێناوە، رێکارەکانی هاوسەنگکردنی بڕوانامەیان بۆ کراوە، ئێستا بەو پلە زانستییانە ئەرکیان پێدەسپێردرێت و وانە دەڵێنەوە، بەڵام دەرماڵەی بڕوانامەکانیان بۆ نەبەستراوە.
ئەم دۆخە لە عێراقیش هەبوو، بەڵام فالح ساری لە وەزارەتی داراییی فیدراڵ لە 21ـی حوزەیرانی ئەمساڵ بڕیاریدا لەمەودوا ئەو راگرتنە کۆتاییپێبێت.
لە بڕیارەکەدا کۆمەڵێک مەرج هەیە:
1-بوونی میلاکی بەتاڵ لەو پلە وەزیفییەی فەرمانبەرەکە بۆی بەرزدەکرێتەوە.
2-تەواوکردنی ماوەی یاساییی پێویست بۆ پلەبەرزکردنەوە.
3-فەرمانبەر دەبێت هەموو مەرج و توانا پێویستەکانی هەبێت بۆ وەرگرتنی پۆستە نوێیەکە.
4-لێهاتوویی و توانای فەرمانبەر لەلایەن بەرپرسی راستەوخۆ و سەرۆکی باڵای فەرمانگەکەیەوە پشتڕاستبکرێتەوە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، نابێت هیچ بڕە پارەیەک بەشێوەی پاشەکەوت (أثر رجعي) خەرجبکرێت و داواش لە هیچ وەزارەت و لایەنێک ناکرێت داوای تەرخانکردنی بودجەی زیاتر بکەن تاوەکو پەسندکردنی یاسای بودجەی گشتی.
ئەم فەرمانبەرانەی هەرێمی کوردستان کە ئەم یاداشتەیان ناردووە هەموو ئەو مەرجانەیان تێدایە، ئێستا بەگوێرەی بڕوانامە نوێیەکانیان کاردەکەن و پۆست و ئەرکیان پێسپێردراوە، واتە ئەرکی بڕوانامە نوێیەکان جێبەجێدەکەن، بەڵام مافەکانیان وەرناگرن.
لەمبارەیەوە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کارەکانیان رێکخراوە، بەڵام پێویستی بە تەرخانکردنی دارایی هەیە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، بۆ خەرجکردنی پارە دەبێت چاوەڕێی پەسندکردنی بودجەی 2027 بکەین، بەگوێرەی تەرخانە داراییەکان بڕیار لە خەرجکردن دەدرێت."

.jpeg&w=3840&q=75)

