رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی نوێی تۆڕی بی بی سی، تۆڕێکی تاوانکاریی سوێدی بەناوی (فۆکسترۆت) کە لەلایەن رەوا مەجید سەرکردایەتی دەکرا و بە "رێوییە کوردەکە" دەناسرا، مێرمنداڵان بۆ کوشتن و هێرشکردنە سەر نەیارانی ئێران لە ئەورووپا بەکاردەهێنێت.
راپۆرتەکە، کە لەلایەن کەناڵی بی بی سی و تەلەفیزیۆنی ئێس ڤی تی سوێدییەوە کراوە، پەردە لەسەر شێوازێکی نوێی تاوان لادەبات کە لە جیهانی تاوانکاریدا بە 'بەکرێگرتنی تووندوتیژی' یان (Violence-as-a-Service) دەناسرێت؛ بەو واتایەی گرووپە تاوانکارییەکە وەک کۆمپانیایەک کار دەکات و هەر کەس یان لایەنێک بیەوێت، دەتوانێت لە بەرامبەر پارەدا داوایان لێ بکات کردەوەی تیرۆریستی، تەقینەوە یان کوشتنی بۆ بکەن، بێ ئەوەی کڕیارەکە خۆی تێوە بگلێت.
کوشتنی بە هەڵە و مێرمنداڵە بکوژەکان
یەکێک لەو رووداوە تراژیدییانەی راپۆرتەکە ئاماژەی پێداوە، کوژرانی موراد عەبدولقادر، خوێندکاری تەمەن 20 ساڵان بوو لە ستۆکهۆڵم. موراد کاتێک لە کارەکەی لە خواردنگەی (ماکدۆناڵدز) دەگەڕایەوە، لەلایەن ئەتیلا عەزیمۆڤی تەمەن 18 ساڵانەوە تەقەی لێکرا و کوژرا. پاشان دەرکەوت کە بکوژەکە "بە هەڵە" مورادی کردووەتە ئامانج و ویستوویەتی کەسێکی دیکە بکوژێت.
دیامانت سالیهو، رۆژنامەڤانی لێکۆڵەر لە سوێد دەڵێت: "ئەم تۆڕە بە مەبەست مێرمنداڵان رادەکێشێت، چونکە ئەوان کەمتر بیر لە لێکەوتەکانی دەستگیرکردن دەکەنەوە. زۆرجاریش پارەکەیان پێنادرێت، چونکە پێش وەرگرتنی پارەکە دەستگیر دەکرێن."
پەیوەندیی نێوان فۆکسترۆت و تاران
راپۆرتەکە ئاشکرای دەکات، رەوا مەجید، سەرۆکی تۆڕی فۆکسترۆت، ئێستا لە تاران نیشتەجێیە. پۆلیسی سوێد پێیوایە رەوا مەجید رێککەوتنی لەگەڵ ئێران کردووە تاوەکو لە بەرامبەر مانەوەی لەو وڵاتە، تۆڕەکەی بۆ لێدانی نەیارانی ئێران و بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە ئەورووپا بەکاربهێنێت.
سالیهو گوتی: "رژێم فەرمان بە سەرۆکی تۆڕەکە دەکات هێرش بکاتە سەر رۆژنامەڤانانی ئۆپۆزیسیۆن و ئامانجە ئیسرائیلییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وڵاتانی ئەورووپا."
تیرۆر بە ستایلی 'یارییە ئەلیکترۆنییەکان'
ئەو مێرمنداڵانەی بۆ ئەم کارانە رادەکێشرێن، رێنماییەکانیان بە شێوازێک پێدەگات کە هاوشێوەی یارییە ئەلیکترۆنییەکانە.
یۆهانیس ناتلاند، مێرمنداڵێکی نەرویجییە کە لە بەریتانیا بە تۆمەتی پیلانگێڕی بۆ کوشتن دەستگیرکرا، یەکێکە لەو نموونانە. ئەو لە رێگەی کەسێکەوە بە ناوی خوازراوی (ئەیجێنت 47) رێنمایی وەردەگرت، کە دواتر دەرکەوت ئەو کەسە عەلی شەهاد ئەحمەدە و یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی فۆکسترۆت.
دەستگیرکردن لە سلێمانی و تونس
تیمی هاوبەشی (یۆرۆپۆل) کە لە 11 وڵات پێکهاتووە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 280 کەسیان بەتۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بەم تۆڕەوە دەستگیرکردووە. یەکێک لە دەستگیرکراوەکان عەلی شەهاد ئەحمەد بوو کە لە شاری سلێمانی دەستگیرکرا و ئێستا سوێد داوای رادەستکردنەوەی دەکات.
هەروەها محەممەد مۆدحی، ناسراو بە (مۆگلی) کە ئەندامێکی دیکەی باڵای گرووپەکەیە، لە تونس دەستگیرکراوە.



