بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە سێ درۆن هێرش کرایە سەر سلێمانی و هەولێر، درۆنەکان لە ئاسمان پێکران و زیانی گیانییان نەبوو. دەوروبەری کاژێر 1:00ی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، دوو درۆن گەیێندرانە ئاسمانی سلێمانی. ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو گوتی، درۆنەکان زیانی گیانییان نەبووە و یەکێکیان لە ئاسمان تێکشکێنراوە و بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە. ئەرکان عەلی گوتی، ئاگرەکە زوو کۆنترۆڵ کراوە و زیانی نەبووە. بەگوێرەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە هاونیشتمانییان بۆ رووداویان ناردووە، درۆنەکان بە ئاسمانی ناحیەی پیرەمەگرووندا تێپەڕیون و گەیشتوونەتە سلێمانی، ناحیەکە دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای شارەکە. هەر بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، لە ئاسمانی شاری هەولێر، درۆنێک بە سیستمی بەرگریی (سیرام) تێکشکێنرا بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی هەبێ. ئەم هێرشانە لەکاتێکدان کە بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو؛ هێزەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە کشانەوەیەکی لەناکاوی 72 کاژێریدا، سەدان سەرباز و سیستمی سەرەکیی بەرگریی ئاسمانییان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کشاندووەتەوە. رووداو زانیویەتی، رۆژی شەممە 01-08-2026 ئەو باڵۆنەی لە ئاسمانی هەولێر دەبینرا، هێنراوەتە خوارەوە. ئەو باڵۆنە بە ئینگلیزی پێی دەگوترێت (PSS-T)، کامێرای زۆر پێشکەوتووی چاودێریی شەو و رۆژی تێدایە، بە بازنەی 360 پلە بۆ مەودای نزیکەی 50 کیلۆمەتر دووریی دەبینێت و سەرچاوەی هەموو هێرشێک ئاشکرا دەکات. هێرشەکان لە مانگی تەممووز دا بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ هێرشە درۆن و مووشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، لە 31 رۆژدا و لە یەکی تەمموز بۆ 31ـی تەمموز، هەرێمی کوردستان بە 88 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر، لە ئەنجامدا 10 کەس گیانیان لەدەستداوە و 15ـی دیکە بریندار بوون. بەگوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، لە مانگی حەوتدا بە 66 درۆن و دوو مووشەک هێرش کراوەتە سەر پارێزگای هەولێر؛ هەروەها پارێزگای سلێمانی بە 10 مووشەک و نۆ درۆن هێرشی کراوەتە سەر و و پارچەی مووشەکێک لە هەڵەبجە کەوتە خوارەوە . وردەکاری تەواوی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان لە مانگی حەوت: - 31ـی تەمموز، بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی ئازادی لە کۆیە لە پارێزگای هەولێر. - 31ـی تەمموز، بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر سازمانی خەباتی کوردستان لە نزیک قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر. - 31ـی تەمموز، بە درۆنێک هێرش کرایە سەر بارەگایەکی سازمانی خەباتی کوردستان لە سنووری باشیک. - 28ـی تەمموز، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) رایگەیاند، لە سنووری بالیسان لە پارێزگای هەولێر بە درۆنێک هێرش کراوەتە سەریان و زیانی گیانییان نەبووە. - 28ـی تەمموز هێرشێک کرایە سەر گوندەی تەگەران لە نزیک سلێمانی، شایەتحاڵان بە رووداویان گوت، هێرشەکە بە سێ درۆن کراوە. - 28ـی تەمموز، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رایگەیاند، بە پێنج درۆن هێرش کراوەتە سەریان لە دۆڵی ئالانە لە قەزای خەلیفان لە سنووری پارێزگای هەولێر. - 27ـی تەمموز بە سێ درۆن هێرش کرایە سەر کۆیە و دەوروبەری. دەزگای ئاسایش رایگەیاند، زیانی گیانی نەبووە. - 27ـی تەمموز، پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) رایگەیاند، لە سنووری هەولێر بە چوار درۆن هێرش کراوەتە سەریان. - 25ـی تەمموز، درۆنێک لە ئاسمانی هەولێر لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانیی هاوپەیمانانەوە تێکشکێندرا. - 24ـی تەمموز، بە پێنج درۆن هێرش کرایە سەر هەولێر و لەلایەن سیستمی بەرگری هاوپەیمانانەوە لە ئاسمان تێکشکێندران. دژە تیرۆر رایگەیاند، زیانی گیانی نەبووە. - 22ی تەمموز، چوار درۆن لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانی هاوپەیمانانەوە لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێندران، لایەنی فەرمی ئاشکرای نەکردووە مووشەک بووە یان درۆن. - 22ی تەمموز کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رایگەیاند، لە دۆڵی ئالانە لە سنووری پارێزگای هەولێر بە مووشەک هێرشیان کراوەتە سەر و لە ئەنجامدا حەوت پێشمەرگەیان بریندار بوون. - 22ـی تەمموز، تەنێک لە نزیک ماڵێک لە گوندی عەنەب لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە کەوتە خوارەوە، دواتر راگەیێندرا مووشەک یان بەشێکی مووشەک بووە. - 21ـی تەمموز، شەش تەنی جیاواز لە ئاسمانی هەولێر لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی هاوپەیمانانەوە تێکشکێندران. - 20ـی تەمموز، بە سێ درۆن هێرش کرایە سەر کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ناحیەی سوورداش لە پارێزگای سلێمانی. - 20ـی تەمموز، بە مووشەکێک بارەگایەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە دۆڵی ئالانە لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆردوومان کرا. - 19ـی تەمموز، بە درۆنێک هێرش کرایە سەر کەمپێکی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) لە هەولێر، بەرپرسێکی حیزبەکە بە رووداوی گوت، هەشت پێشمەرگەیان بریندار بوون. - 19ـی تەمموز، بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر شاری هەولێر. - 19ـی تەمموز، دوو دەنگی بەرز لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر بیسترا، لایەنی پەیوەندیدار ئاشکرای نەکرد، کە درۆن بووە یان مووشەک. - 17ـی تەمموز، دوو جار و بە دوو درۆن، ناوچەی تاسڵووجە لە سلێمانی بۆردوومان کرا. - 17ی تەممووز، لە کاژێر 21:58 تاوەکو 22:06 بە پێنج درۆن هێرش کرایە سەر هەولێر. دژە تیرۆر رایگەیاند، هاوپەیمانان درۆنەکانیان لە ئاسمان تێکشکاند و زیانێکی گیانییان نەبووە. - 17ی تەمموز، درۆنێک نزیک ناحیەی ئاغجەلەر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی کەوتە خوارەوە، جگە لە زیانی ژینگەیی، زیانی گیانی نەبوو. - 17ـی تەمموز بە مووشەکێک کەمی سوورداش لە سنووری سلێمانی بۆردوومان کرا. - 17ی تەمموز بە مووشەکێک کەمپەکانی ناحیەی سوورداش لە سلێمانی بۆردوومان کرا. - 17ی تەمموز بە هەشت مووشەک هێرش کرایە سەر زڕگوێزەڵە لە سلێمانی و لە ئەنجامدا 10 پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران گیانیان لەدەستدا. - 17ی تەمموز، بە هەشت درۆن هەولێر بۆردوومان کرا، دژە تیرۆر رایگەیاند، درۆنەکان لەلایەن سیستمی بەرگری هاوپەیمانانەوە تێکشکێندراون و زیانیان نەبووە. - 15ـی تەمموز، بە هەشت درۆن هێرش کرایە سەر شاری هەولێر و درۆنەکان لەلایەن سیستمی بەرگری هاوپەیمانانەوە تێکشکێندران. دژە تیرۆر رایگەیاند، زیانی گیانییان نەبووە. - 13ـی تەمموز، بە سێ درۆن هێرش کرایە سەر یەکێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری هەولێر. - 01ـی تەمموز، بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر بنکەیەکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە دێگەڵە، لە سنووری پارێزگای هەولێر. - 01ـی تەمموز، بە درۆنێک ناوچەیەکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر بۆردوومان کرا. سەرپەرشتیاری ئیدارەکە بە رووداوی گوت، ئەو شوێنەی درۆنەکەی لێکەوتووە ئاگر لە پووش و پاوانی کەوتووەتەوە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە. مانگی شەش هەرێمی کوردستان بە 13 درۆن و دوو مووشەک بۆردوومان کرا. لەو ژمارەیە نۆ درۆن و دوو مووشەکی بۆ سەر سنووری هەولێر بوو، هەروەها بە دوو درۆن سنووری پارێزگای سلێمانی و بە دوو درۆنیش سنووری قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک کرایە ئامانج. لە دەستپێکی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو ئەمڕۆ، هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 950 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر، بەهۆیەوە 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و 154 کەسی دیکە بریندار بوون.