کاژێر 11:27 و 11:35 خولەکی شەوی شەممە، دوو بوومەلەزرە ناحیەی تەکیەی جەباریی سنووری چەمچەماڵیان لە پارێزگای سلێمانی هەژاند. بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، "روودانی چەند بوومەلەرزەیەک بەدوای یەکدا بەڵگە نییە بۆ روودانی بوومەلەرزەی بەهێز." لە چەند رۆژی رابردوودا زنجیرەیەک بوومەلەرزە لە هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان و کەرکووک تۆمارکران، کە گوڕەکانیان لەنێوان 1 بۆ 3.8 پلە بووە بە پێوەری رێختەر. بوومەلەرزەکانی سنووری تەکیەی جەبارییش، لەنێوان 3.6-4 پلەی رێختەر بووە و چەقەکەی گوندی قەڵاچووخ بووە. بەپێی روونکردنەوەکەی کەشناسیی سلێمانی، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە نزیک "پشتێنەی بوومەلەرزەی زاگرۆس"، کە هێڵی بەیەکدادانی هەردوو پلێتی عەرەبی و ئۆراسیایە. بەردەوامیی جووڵەی ئەم پلێتانە دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی وزە و کاتێک تاشەبەردە زەبەلاحەکان بەرگەی ئەو فشارە ناگرن، دەشکێن و وزەکەیان بەشێوەی شەپۆلی بوومەلەرزە بڵاودەبێتەوە. کەشناسیی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، تووندی و کاریگەریی هەر بوومەلەرزەیەک پەیوەستە بە سرووشتی بەردەکان، قووڵایی چەقی بوومەلەرزەکە و دووریی لە ناوچە ئاوەدانەکان. "ئاماژەکان مەترسیدار نین" بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، "ئەم داتایانە ئاماژەن بۆ چالاکیی بوومەلەرزەیی هێواش و مامناوەند و لە مەودای ئاساییدان کە پێشتریش تۆمارکراون." هەروەها باس لەوە دەکات کە روودانی چەند لەرینەوەیەکی یەک لەدوای یەک شتێکی سروشتییە و مەرج نییە ببێتە پێشەکی بۆ بوومەلەرزەیەکی وێرانکەر. کەشناسیی سلێمانی داوا لە هاونیشتمانییان دەکات نەکەونە ژێر کاریگەریی دەنگۆ و پێشبینییە نازانستییەکان و دەڵێت، "تاوەکو ئێستا هیچ تەکنیکێکی زانستی لە جیهاندا نییە بتوانێت بە وردی کات، شوێن و گوڕی بوومەلەرزە پێش روودانی دیاری بکات." بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان، بەڕێوەبەرایەتییەکە بە پێویستی دەزانێت سیستمی چاودێریی بوومەلەرزە بەهێز بکرێت، پابەندیی تەواو بە ستانداردەکانی بیناسازیی دژە بوومەلەرزە هەبێت و هۆشیاریی زانستی لەناو هاووڵاتییاندا بڵاو بکرێتەوە بۆ پاراستنی ژیان و ماڵوموڵکیان. ئەمە لەکاتێکدایە کە لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا چەندین بوومەلەرزە سنووری کەرکووک و دەوروبەری هەژاندووە و بەپێی دەستەی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، رۆژی شەممە کاژێر 11:27ی شەو، بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 3.8 و لە قووڵیی 10 کیلۆمەتر لە سنووری ناحیەی تەکیەی جەباری لە سنووری چەمچەماڵ روویداوە.