رووداو دیجیتاڵ
خراپیی کوالێتیی بەنزین لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، زیانێکی زۆری بە بزوێنەری ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان گەیاندووە. فیتەرەکان دەڵێن، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا سەدان ئۆتۆمبێل بەهۆی بەنزینەوە بزوێنەرەکانیان لەکارکەوتووە و تێچووی چاککردنەوەشیان گەیشتووەتە زیاتر لە ملیۆنێک دینار.
مام نووری، یەکێکە لەو شۆفێرانەی بەنزینی خراپ ئۆتۆمبێلەکەی پەکخستووە و دوو رۆژە لە وەرشەیەکی فیتەری چاوەڕێی چاککردنەوەیەتی. ئەو دەڵێت: "ئۆتۆمبێلەکەم دەلەرزێنێت و ناڕوات. ئۆتۆمبێلەکەم هەشت سلندەرە و پێشتر کێشەی نەبوو، بەڵام بەهۆی ئەم بەنزینە خراپەوە ئاوای لێهاتووە."
بەنزین بستۆنی ئۆتۆمبێلی 2026ی کون کردووە
وەستا محەممەد، فیتەرێکە لە سلێمانی، ئاماژە بەوە دەکات قەبارەی زیانەکان زۆر گەورەن. ئەو بۆ رووداو باس لەوە دەکات تەنیا لە 12 رۆژی رابردوودا بزوێنەری 40 ئۆتۆمبێلیان کردووەتەوە و ئێستاش 22 ئۆتۆمبێل لە وەرشەکەیاندایە هەمان کێشەیان هەیە.
ئەو فیتەرە نموونەیەک دەهێنێتەوە و دەڵێت: "ئۆتۆمبێلی نیسان پاتڕۆڵی مۆدێل 2026مان لایە تەنیا 15 هەزار کیلۆمەتر رۆیشتووە، بەڵام بەهۆی بەنزینی خراپەوە دوو بستۆنی کون بووە." دەشڵێت: "پێشتر بزوێنەرمان چاک دەکردەوە، گرێنتی 65 هەزار کیلۆمەترمان دەدا، بەڵام ئێستا بەهۆی خراپیی بەنزینەوە، گرێنتی یەک کاژێریش ناکەین."
بەنزینەکە بە "دەرمان" کوالێتی بەرز دەکرێتەوە
شارەزایانی میکانیکی ئۆتۆمبێل هۆکاری تێکچوونی بزوێنەرەکان بۆ وشکیی بەنزینەکە و بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی (دەرمان) بۆ بەرزکردنەوەی ئۆکتان دەگەڕێننەوە.
کاروان شێخەیی، فیتەر، باس لەوە دەکات لەو دوو هەفتەیەی بەنزین گران بووە، نزیکەی 100 ئۆتۆمبێل بە کێشەی بزوێنەرەوە سەردانیان کردووە. ئەو دەڵێت: "ئەم بەنزینە بە زۆر و بە دەرمان کوالێتییەکەی بەرز دەکرێتەوە، زۆر وشکە، ئەوەش دەبێتە هۆی وشکبوونەوە و قرتانی ئۆڵفەکان."
ئەو فیتەرە ئامۆژگاری شۆفێران دەکات و دەڵێت: "ئەگەر شۆفێر هەستی کرد دەنگی بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکەی گۆڕاوە، با زوو بیباتە لای فیتەر، چونکە ئەگەر زوو فریای بکەوێت تێچووەکەی تەنیا 50 بۆ 100 هەزار دینارە، بەڵام ئەگەر بزوێنەرەکە بکرێتەوە، تێچووەکەی لە نێوان 300 هەزار بۆ ملیۆنێک و پێنجسەد هەزار دینار دەبێت."
کردنەوەی بزوێنەری ئۆتۆمبێل جگە لە تێچووی چاککردنەوەکەی، زیانێکی دیکەی گەورە لە خاوەنەکەی دەدات، ئەویش دابەزینی نرخی ئۆتۆمبێلەکەیە لە بازاڕدا. شارەزایان دەڵێن هەر ئۆتۆمبێلێک بزوێنەرەکەی بکرێتەوە، بەهایەکەی لە سەرووی هەزار دۆلار (10وەرەقە) دادەبەزێت.


