رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە کۆنسووڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر کرد. لە دیدارەکەدا، کۆنسووڵی ئەڵمانیا جەختی لە بەردەوامیی هاوکارییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە کردەوە و هاوخەمیی بۆ یادی ئەنفالی بارزانییەکانیش دەربڕی.
رۆژی شەممە، 1ـی ئابی 2026، بەپێی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی، ئەلبرێشت فۆن ڤیتکە، کۆنسووڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی و ناساندنی کریستیان ئولفکە وەک کۆنسووڵی نوێی وڵاتەکەیەوە، سەردانی سەرۆک مەسعود بارزانی کردووە.
فۆن ڤیتکە کارەساتی ئەنفالی بارزانییەکانی بە "یادەوەرییەکی تاڵ لە مێژووی گەلی کوردستان" وەسفکرد و جەختی لە پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا کردەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سەرۆک بارزانی سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی ئەڵمانیای لە شەڕی دژی تیرۆردا کردووە و لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر، دۆخی سیاسیی عێراق، پرسی کورد لە سووریا و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کردووە.



