رووداو- دیجیتاڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان زەمالەی خوێندنی بێ بەرامبەر بۆ 30 خوێندکاری فەلەستینی دابین دەکات کە پێنج پسپۆڕی جیاواز لەخۆدەگرێ. بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵای فەلەستین، وردەکاریی ئەو زەمالانە خراوەتەڕوو بۆ ئەو فەلەستینییانەی کە خوازیارن لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بخوێنن بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027. د. خەتاب شێخانی، سەرۆکی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو زەمالە خوێندنانە بۆ زانکۆ حکومییەکانە و کرێی خوێندنیان لێ وەرناگیرێ و شوێنیان لە بەشە ناوخۆییەکان بۆ دابین دەکرێ. وەرگرتنیان بەگوێرەی نمرە و پێوەری تایبەت بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەبێت". بەگوێرەی نووسراوی وەزارەتەکەی فەلەستین، ئەو زەمالەیە پێنج پسپۆڕی دەگرێتەوە کە بریتین لە پزیشکی، ئەندازیاری، زانستی کۆمپیوتەر، زانست، زانستە مرۆڤایەتییەکان. د. خەتاب شێخانی رایگەیاند: "دیاریکردنی زەمالەی خوێندن بۆ خوێندکارانی فەلەستینی لە کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری لێدرا و سێ ساڵە جێبەجێ دەکرێت. هەموو ساڵێک 30 کورسییان بۆ دابینکراوە، بەڵام ساڵی 2025 بەهۆی دۆخی فەلەستینەوە هەموو ئەو کەسانەی وەرگیرابوون نەیانتوانی دەوام بکەن". وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵای فەلەستین لە نووسراوەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە هەر خوێندکارێک بۆ خەرجیی مانگانەی پێویستی بە 200 بۆ 350 دۆلارە.
کوردستان01-08-2026هەرێمی کوردستان لە یەک مانگدا بە 88 درۆن و مووشەک هێرشی کرایە سەر؛ 10 کەس گیانیان لەدەستدا