رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای خوورماتوو، لەنێوان دوو باڵی سەر بە حەشدی شەعبیدا پێکدادان دروستبوو و فەرماندەی لیوای 63ـی حەشدی شەعبی لە هەوڵێکی کوشتن رزگاری بوو.
یاسین محەممەد عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین کە نوێنەری قەزای خوورماتووە، ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ماوەیەکە ئەحمەد ئەسعەد چایرلی لە پۆستی فەرماندەی لیوای 63ی حەشدی شەعبی لابراوە و لە شوێنی ئەو محەممەد عەبدولئەمیر دەستنیشان کراوە".
بەگوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، هۆکاری کێشەکە بۆ ناکۆکیی نێوان باڵەکان دەگەڕێتەوە، بەجۆرێک ئەحمەد ئەسعەد چایرلی سەر بە نووری مالیکییە و محەممەد عەبدولئەمیر سەر بە کەتائیبی حیزبوڵڵایە.
یاسین محەممەد عەلی لەبارەی چۆنیەتیی رووداوەکەوە گوتی: "ئەمڕۆ فەرماندەی نوێی لیواکە لە کەرکووکەوە گەیشتە خورماتوو، بەڵام فەوجی مغاویری لیواکە کە سەر بە ئەحمەد ئەسعەد چایرلی-ن، گۆڕانکارییەکەیان رەتکردەوە و دەستڕێژیان لە فەرماندە نوێیەکە کرد".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین ئاماژەی بەوەش کرد، محەممەد عەبدولئەمیر لە رووداوەکەدا بێ زیان رزگاری بووە، بەو پێیەی ئۆتۆمبێلەکەی گوللـەنەبڕ بووە؛ هەرچەندە چەند فیشەکێک بەر ئۆتۆمبێلەکە کەوتوون، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و ئێستا دۆخەکە هێور بووەتەوە.
لیوای 63ـی حەشدی شەعبی لە پێنج فەوج پێکدێ؛ دوو فەوجیان لە کەرکووک و سێ فەوجەکەی دیکەیان لە سنووری خورماتوون، کە یەکێکیان فەوجی کۆماندۆ (مغاویر)ـە.


