رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک لەسەر رێگەی شاهۆ چوار کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکە بە سەختی بریندار بوو.
ئەمڕۆ شەممە 1ی ئابی 2026، هاونیشتمانییەک لە شاری پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی گوت، "ئێوارەی رۆژی هەینی لە بەرزاییەکانی شاهۆ و لەنزیک شاری پاوە، ئۆتۆمبێلێکی پراید وەرگەڕا و لە ئەنجامدا سێ ژن و منداڵێک گیانیان لەدەستدا، ژنێکی دیکەش بە سەختی بریندار بوو."
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، ئەو چوار کەسەی لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە لە یەک خێزانن و خەڵکی گوندی سەریاسن.
هاونیشتمانییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە بریتین لە سۆنیا حوسێنی، لیدا حوسێنی، هەتاو حوسێنی و ئانیسا حوسێنی.

هەر بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، لە رووداوەکەدا گەشاو حوسێنی بە سەختی بریندار بووە، گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی کرماشان و لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدایە.
بەپێی دادپزیشکیی ئێران، پار 19 هەزار و 540 کەس بە رووداوی هاتووچۆ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.




