رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو بوومەلەرزەیەکی دیکە لە کەرکووک روویدا. بەڕێوەبەری لقی کەرکووکی دەستەی کەشناسیی عێراق دەڵێت، گوڕەکەی 3.4 بووە و رەتیشیدەکاتەوە مەترسیی روودانی بوومەلەرزەی بەهێز هەبێت لە پارێزگاکەدا.
حەسەن عەلی، بەڕێوەبەری لقی کەرکووکی دەستەی کەشناسیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەوروبەری کاژێر 10:30ـی ئەمشەو، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 3.4 پلەی رێختەر لە رۆژهەڵاتی کەرکووک روویدا.
بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 10 کیلۆمەتر روویداوە و چەقەکەی نێوان لەیلان و تەکیەی جەباری بووە و 30 کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای کەرکووکەوە دووربووە.
ئەمە چەندەم بوومەلەرزەیە کە لە کەرکووک رووبدات لە 48 کاژێری رابردوودا. لەبارەی هۆکاری ئەو بوومەلەرزانە حەسەن عەلی گوتی، "هۆکارەکەی جووڵەی ئاسایی پلێتەکانی ژێرزەوییە و هیچ مەترسییەکی نییە."
هاوکات پرۆفیسۆری یاریدەدەر، د. ئارام نامیق، پسپۆڕی جیۆفیزیا بە رووداوی گوت، "روودانی بوومەلەرزە لە رۆژهەڵات و باکووری رۆژهەڵاتی باشووری کوردستان ئاساییە و پەیوەندی بە جووڵەی پلێتەکانی ژێرزەوی هەیە کە لە قووڵایی 3 کیلۆمەتر یان قووڵتر روودەدەن."
ئەو پسپۆڕە جیۆفیزیاییە دەڵێت، "توێژینەوە و بەدواداچوونم کردووە، لە 10 سەدەی رابردوودا هیچ بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە کەرکووک رووینەداوە؛" ئاماژە بەوەشدەکات، مەترسیی ئەوە نییە کە بوومەلەرزەی بەهێز لە داهاتوو لە کەرکووک رووبدات.



