رووداو دیجیتاڵ
باوکی (حەمە دوزی) کە یەکێک لەو هاونیشتمانییانە بوو لە رووداوە هاتووچۆکەی بولگاریادا گیانی لەدەستدا دەڵێت، هەفتەی داهاتوو تەرمی هاونیشتمانییەکان دەگەڕێننەوە بۆ هەرێمی کوردستان و لێرە بەخاکیان دەسپێرن؛ ئاماژە بەوەشدەکات، یەکێک لە نەوەکانی بریندارە و دوو بڕبڕەی پشتی شکاوە.
سوبحی گلی، باوکی (حەمە دوزی)، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (دیاسپۆرا)ی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، نەوەیەکی کە ناوی (یەڵما)یە، لە نەخۆشخانەیەکی شاری پلۆڤدیڤی بولگاریایە کە ئێستا تەندروستیی باشە و دەیانەوێت بیگەڕێننەوە بۆ ئەڵمانیا.
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بریتین لە (حەمە دوزی - 40 ساڵ)، (باخانی هاوژینی حەمە دوزی - 39 ساڵ) و منداڵێکیان بەناوی (جان - 11 ساڵ). تەنیا کچێکیان بەناوی (یەڵما - 16 ساڵ) ماوە و بریندارە.
سوبحی گلی چۆنیەتیی رووداوەکەی گێڕایەوە و گوتی، حەمە دوزی کوڕی، کە لە ئەڵمانیا دەرچووە ئۆتۆمبێلێکی رەنج رۆڤەری مۆدێل 2022ـی پێبووە و لەناکاو ئۆتۆمبێلەکەی لەکارکەوتووە، بۆیە بەناچاری گەڕاوەتەوە بۆ ئەڵمانیا و ئۆتۆمبێلێکی دیکەی بردووە و دەستیکردووە بە گەشتەکەی.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەفتەی داهاتوو تەرمی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە دەگەڕێننەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
وەک سەباح گلی باسیدەکات، بەهۆی بەهێزیی رووداوەکەوە یەڵما کەوتووەتە سەر چڵی دارێک و دواتر کەوتووەتە خوارەوە و بەوهۆیەوە دوو بڕبڕەی پشتی و قاچێکی شکاوە و سینگیشی ئازاری پێگەیشتووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "تاکە هیوای من چاکبوونەوەی کچەکەیە و ئەمە بۆ من هەموو ئارامییەکە."
رووداوەکە رۆژی 27ـی ئەم مانگە روویدا، کاتێک لە رێگەی خێرای (ماریتسا) لە بولگاریا بە ئاراستەی دەروازەی سنووریی تورکیا دوو ئۆتۆمبێلی دوو خێزانی کورد کە ئامۆزای یەکدین و هەڵگری پاسپۆرتی ئەڵمانیان، بەیەکیاندا کێشا و کەوتنە نێو دۆڵێکەوە.
میدیای فەرمیی بولگاریا و پۆلیسی ئەو وڵاتە بڵاویانکردەوە، شۆفێری یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان کۆنترۆڵی لەدەستداوە و دوای بەرکەوتنیان، هەردوو ئۆتۆمبێلەکە پەرژینی پارێزەری سەر رێگەکەیان بڕیوە و کەوتوونەتە نێو دۆڵێکی تەنیشت رێگەکە و پاش بەرکەوتنیان بە دارێک، یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان ئاگریگرتووە.


