رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە دەروازەی تەمەرچینی ئێران (دەروازەکە لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە پێی دەگوترێ حاجی ئۆمەران) بە رووداوی راگەیاند، لەنێو دەروازەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا تەنیا دەروازەی باشماخ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، گومرکی تایبەتمەندی بە هاوردەکردنی مۆبایل بۆ وڵاتەکەی هەیە.
رۆژی سێشەممە، 20ی تشرینی یەکەمی 2026، سەرچاوەیەک لە دەروازەی تەمەرچین بە عەلی جاف، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هاوردەکردنی مۆبایل بۆ نێو ئێران پێویستی بە گومرکی تایبەتمەندە. لەسەر ئەو بنچینەیەش تەنیا دەروازەی باشماخ لەنێو هەموو دەروازە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران ئەو دەسەڵاتە گومرکییەی پێدراوە و هەربۆیەش تەنیا دەروازەی فەرمیی هاوردەکردنی مۆبایلە."
سەرچاوەکە گوتی، هاوردەکردنی مۆبایل بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران راستەوخۆ پەیوەستە بە رێکارەکانی گومرکی ئەو وڵاتەوە و مەرجی بوونی "گومرکی پسپۆڕ و تایبەتمەند"ی هەیە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد: "تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ ئەوەی گومرگی تەمەرچین ببێتە گومرکی تایبەتمەند بە مۆبایل، هەربۆیە بە ئۆتۆمبێل و بە مەبەستی فرۆشتن و بازرگانی رێگە بە بردنەژوورەوەی مۆبایل نادرێ".
سەرچاوەکە باسی لەوەکرد کە"تەنیا پارچەی مۆبایل بە شێوازی کۆڵبەری رێگەی پێدەدرێت بهێندرێتە نێو ئێران."
بەپێی بڕیاری گومرگی ئێران، ئەم هەفتەیە دەروازەی باشماخ خرایە لیستی ئەو دەروازە تایبەتمەندانەی وڵاتەکە کە لێیانەوە قوماش و مۆبایل هاوردە دەکرێ.
لە نووسراوێکی فەرمیی گومرگی ئێراندا کە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرانی گومرگەکان کراوە، هاتووە کە بڕیارەکە لەسەر بنەمای داواکاریی بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی پارێزگای سنە بووە و لەلایەن جێگری کاروباری گومرگی ئێرانەوە رەزامەندیی لەسەر دراوە، بەوەش دەروازەت باشماخ بووە ناوەندی فەرمی و رێگەپێدراو بۆ هاوردەکردنی ئەو دوو کاڵایە.
دەروازەی باشماخ دەکەوێتە 18 کیلۆمەتری شاری مەریوانی سەر بە پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە تەنیشت گوندی سنووریی باشماخ هەڵکەوتووە. لە دیوی هەرێمی کوردستانیشەوە دەکەوێتە سنووری پێنجوێن.
لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، دەروازەی تەمەرچین یەکێکە لە دەروازە سنوورییە فەرمیییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان.


.jpg&w=3840&q=75)

