رووداو - دیجیتاڵ
بەرەبەیانی هەینی 31ی تەممووز، لە هەڵمەتێکی فراواندا پێنج ئەفسەری دەزگا ئەمنییەکانی کەرکووک بە تۆمەتی گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیل دەستگیرکران. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دەستگیرکردنەکان دوای ململانێیەکی توندی نێوان دوو بەرپرسی باڵای ئەمنیی شارەکە دێت کە بووەتە هۆی ئاشکرابوونی دەیان دۆسیەی گکەندەڵی.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو پێنج ئەفسەرەی دەستگیرکراون و رەوانەی لێکۆڵینەوە کراون، لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ و بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ناوخۆی پۆلیسی کەرکووکن؛ چوار لە ئەفسەرەکان عەرەب و یەکێکیان کوردە. ئەم هەڵمەتە بەردەوامیی ئەو پرۆسەیەیە کە هەفتەی رابردوو لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ دەستیپێکرد و تێیدا تۆڕێکی فراوانی بەرتیل و ساختەکاری ئاشکرا کران.
مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژە بەوە دەکات کە ململانێی نێوان فەرماندەی پۆلیس و بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆ بووەتە هۆی تەقینەوەی دۆسیەکان. ئەو بە رووداوی راگەیاند: "گەندەڵییەکان زۆر ئاشکرا بوون، بەڵام پێشتر کەس نەیدەوێرا قسە بکات. ئەو زوڵمەی لە هاونیشتمانییان و کارمەندانی پۆلیس لە بازگەکان دەکرا، قبوڵکراو نییە؛ ئێمە بە بەڵگەوە گەندەڵییەکان دەسەلمێنین و دەبێت هەموو لایەک لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت."
ئەنجوومەنی پارێزگا: رەحم بە هیچ کەسێک ناکەین ئەم دۆسیەیە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیشی هێناوەتە دەنگ. ئەحمەد رەمزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، رایگەیاند کە داوای میوانداریکردنی بەرپرسانی ئەمنییان کردووە بۆ روونکردنەوەی بارودۆخەکە. ئەو جەختی کردەوە: "پێویستمان بە بەڵگە و دیکۆمێنتی زیاترە، بەڵام رەحم بە هیچ ئەفسەر و کارمەندێک ناکەین کە بەشدار بێت لەم کارە نایاساییانەدا."
چاوەڕێی دوای چلەی ئیمام حوسێن دەکرێت سەبارەت بە دەرکردنی بڕیاری کۆتایی و لادانی ئەو بەرپرسانەی تێوەگلاون، وەزارەتی ناوخۆی عێراق چاوەڕوانی کۆتاییهاتنی مەراسیمی چلەی ئیمام حوسێن دەکات، چونکە لە ئێستادا تەواوی هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی پاراستنی زیارەتکاران و بەڕێوەبردنی مەراسیمەکەن.
پوختەی زانیارییەکان:
- دەستگیرکراوان: 5 ئەفسەر
- تۆمەت: وەرگرتنی بەرتیل، ساختەکاری و گەندەڵی.
- هۆکاری ئاشکرابوون: ململانێی ناوخۆیی نێوان بەرپرسە باڵا ئەمنییەکان.
- هەڵوێستی فەرمی: وەزارەتی ناوخۆ دوای مەراسیمەکانی چلە بڕیاری لادان و سزادانی تۆمەتباران دەدات.

