رووداو - دیجیتاڵ
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، لە گەڕەکی باداوەی شاری هەولێر، پیاوێکی تەمەن 36 ساڵ لەبەرچاوی دوو کوڕە بچووکەکەی درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و کوژرا. بکوژەکە لە نێو ئۆتۆمبێلێکی جام رەشەوە پێنج گولـلەی لێداوە و پۆلیس لە رێی کامێراکانی چاودێرییەوە لە گەڕانە بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە.
هەمزە، کوڕە گەورەی کوژراوەکە، شایەتحاڵی ئەو رووداوەیە کە لە پێش چاویدا باوکی گیانی سپارد. ئەو باس لە ساتەوەختەکان دەکات و بە رووداوی گوت: "لە دووکانەکەی سەری کۆڵان دەگەڕاینەوە، من و باوکم و براکەم بووین. باوکم سەرقاڵی لایڤی تیکتۆک بوو؛ ئۆتۆمبێلێکی کامێریی جام رەش بەرەوڕوومان هات و فوڵ لایەتی لێدا، باوکم تەنیا پێی گوت 'هێواش، کوێرەت کردین'، بەڵام هەر گەیشتە لامان، یەکسەر تەقەی لێکرد."
قوربانییەکە ناوی (رێگر)ە، باوکی پێنج منداڵ و وەستای دیوار بوو. بنەماڵەکەی دەڵێن هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ کەس نەبووە و تائێستا نازانن هۆکاری ئەم هێرشە چی بووە.
فایەق رەشید، برای رێگر، بە رووداوی گوت: "نازانین کێ کوشتوویەتی و لەبەرچی. پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە و کامێراکانی چاودێریی بردووە. بکوژەکە لە کامێراکاندا دەرکەوتووە و ئێمە تەنیا چاوەڕێی یاسا دەکەین، چونکە براکەم مرۆڤێکی بێوەی بوو."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بکوژەکە بە دەمانجە پێنج گولـلەی لە رێگر داوە و پاشان بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتووە. هێزە ئەمنییەکان لە هەوڵێکی چڕدان بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی بکوژەکە و دەستگیرکردنی.
پوختەی رووداوەکە:
- کات: 3:00ـی بەرەبەیانی هەینی.
- شوێن: گەڕەکی باداوە - هەولێر.
- قوربانی: رێگر (36 ساڵ)باوکی 5 منداڵ.
- ئامرازی کوشتن: دەمانجە (5 گولـلە).
- بکوژ: لە نێو ئۆتۆمبێلێکی کامێریی جام رەشدا بووە.
ئەم رووداوە لە نێو دانیشتووانی گەڕەکەکە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە، بەتایبەت کە کوژراوەکە لەو ساتەدا لە لایڤی تیکتۆک بووە و منداڵە بچووکەکانیشی لەگەڵ بووە.

