رووداو دیجیتاڵ
فەرهاد ئەمین ئەترووشی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ساڵرۆژی ئەنفالی بارزانییەکان دا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێویستە قەرەبووی شایستەی کەسوکاری قوربانییان بکرێتەوە و هەوڵەکان بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی ئەو تاوانە بەردەوام بن.
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوە دەکات: "ئەمڕۆ بە داخێکی قووڵەوە یادی کۆمەڵکوژیی بارزانییەکان لە 31ی تەممووزی 1981 دەکەینەوە، کە تێیدا رژێمی دیکتاتۆری پێشوو زیاتر لە 8000 هاووڵاتیی سڤیلی بارزانی بێسەروشوێن و کۆمەڵکوژ کرد؛ تاوانێک کە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە وەک 'جینۆساید' ناسێندراوە."
دەشڵێت: "جەخت لە پێویستیی دادگاییکردن و بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال دەکەینەوە، ئەوەش لە رێگەی تەواوکردنی قەرەبووی شایستە و بەردەوامبوونی هەوڵەکان بۆ ناساندنی ئەم تاوانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە کارەکان بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و گەڕاندنەوەی رووفاتی شەهیدان بۆ زێدی خۆیان بەردەوام بێت، بە شێوەیەک کە شایستە بێت بەو قوربانییە گەورەیەی پێشکەشیان کردووە.



