رووداو دیجیتاڵ
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران پشتڕاستی کردەوە، لەسەر رێگەی هەولێر- مەخموور هێرشکراوەتە سەر بنکەیەکی حیزیبەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا قەبارەی زیانەکان و سەرچاوەی هێرشەکە رانەگەیێندراون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 31-07-2026، لەسەر رێگەی هەولێر-مەخمووری باشووری کوردستان، هێرش کرایە سەر بارەگای سەرەکیی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران.
ماڵپەڕە فەرمییەکانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتەڤیدیۆی هێرشەکەیان بڵاوکردووەتەوە.
بەپێی گرتەڤیدیۆکە دوای بیستنی دەنگی تەقینەوەی بەهێز، دووکەڵێکی چڕ و ئاگر لەنێو بارەگاکەوە بەرز دەبێتەوە.
تاوەکو ئێستا ناسنامەی ئەنجامدەران و سەرچاوەی هێرشەکەی سەر سازمانی خەبات ئاشکرا نەکراوە و روون نییە کە بە مووشەک کراوە یان درۆن.
سازمانی خەبات، یەکێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانە و ئەندامی هاوپەیمانیی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە بارەگای سەرەکییان لەسەر رێگەی هەولێر-مەخموورە.
لە سەرەتای جەنگی 40 رۆژەوە چەندین جار بە درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر بارەگاکانی سازمانی خەبات کە ژمارەیەک قوربانی و برینداریان لێکەوتووەتەوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە، بە زیاتر لە 940 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان.


