رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان بە رووداوی راگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی ناوچەکە بڕیاریداوە کە دەبێت نانەواخانەکان، وێستگەکانی سووتەمەنی بۆ گاز و بەنزین، بەڕێوەبەرایەتیی سووتەمەنی و شارەوانییەکان، دراوی کۆن لە هاونیشتمانییان وەربگرن و کارەکانیان بۆ راپەڕێنن.
محەممەد محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی کۆبانێ سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا، وەرگرتنی پارەی گەنم و گۆڕینەوەی دراوی کۆن زانیاریی نوێی دایە رووداو. بەرپرسەکە ئاماژەی بەوە کرد کە بەڕێوەبەرایەتیی ناوچەکە لەپێناو ئاسانکاریکردن بۆ ژیانی هاونیشتمانییان، چەند بڕیارێکی سەرەکی داوە.
دابەشکردنی دادپەروەرانەی کارەبا
سەبارەت بە کێشەی ئەو کارەبایەی ناوچەکە کە لە بەنداوی تشرینەوە دابین دەکرێت، بەڕێوەبەری ناحیەی کۆبانێ باسی لەوە کرد، هێڵی کارەبای کۆبانێ و سرین یەک هێڵە، بەڵام لەبەرئەوەی ناوچەکەی ئەوان دەکەوێتە کۆتایی هێڵەکەوە، کێشەی کەمبوونەوە و بەفیڕۆچوونی وزە دروست دەبێت.
محەممەد محەممەد روونیکردەوە کە بە بڕیاری بەڕێوەبەری ناوچەکە، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە رێکاری نوێی چاودێریکردن دەستیپێکردووە و گوتی، "ئێمە دەستمان بە جێبەجێکردنی چەند رێکارێکی ئاسان کردووە بۆ ئەوەی چاودێریی دابەشکردنی کارەبا بکەین. دەبێت هەر کەسە و بەشە دیاریکراوەکەی خۆی وەربگرێت و مافی کەس نەخورێت. دەبێت دابەشکردنی کارەبا لەنێوان سرین و کۆبانێدا یەکسان بێت و نیوە بە نیوە بێت بۆ ئەوەی مافی کۆبانێ نەخورێت."
هەروەها هیوای خواست کە لەرێگەی ئەم ئامادەکاری و چاودێرییانەوە، لە داهاتوودا رەوشی کارەبای کۆبانێ باشتر ببێت.
ئاسانکاری بۆ وەرگرتنی پارەی گەنم
سەبارەت بە کێشەی وەرگرتنی پارەی گەنمی جووتیاران، بەڕێوەبەری ناحیەی کۆبانێ تیشکی خستە سەر ئەزموونە سەرکەوتووەکەی قەزای سرین و رایگەیاند، پێشتر جووتیارانی سرین و چەلەبییە ناچار بوون بۆ وەرگرتنی پارەیان بڕۆنە قەزای سفێرەی سەر بە حەلەب، بەڵام دوای ئەوەی سفێرە نووسینگەیەکی لەنێو شارەوانیی سرین کردەوە، کارەکانیان زۆر ئاسانتر بووە.
محەممەد محەممەد دەڵێت، دەیانەوێت هەمان سیستم لە کۆبانێش جێبەجێ بکەن، بەڵام بۆ ئەمە پێویستیان بە هاوکاریی بانکی حەلەبە و روونیکردەوە، "لەبەرئەوەی بانکی کۆبانێ هێشتا بەتەواوی نەبەستراوەتەوە بە سیستمەکەوە، هەوڵدەدەین بە هاوکاریی فەرمانبەرانی حەلەب نووسینگەیەک لە بانکی کۆبانێ بکەینەوە. ئێمە دەمانەوێت ئەوان خۆیان لە کۆبانێ کاری دابەشکردنی پارەی جووتیاران بکەن، یان نوێنەرەکانیان بە هاوئاهەنگی پارەکان بهێننە ئێرە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان ناچار نەبن بچنە حەلەب."
رێکارەکان بۆ وەرگرتنی دراوە کۆنەکەی سووریا
سێیەمین کێشە کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بازاڕ دروستکردووە، کۆبوونەوەی دراوی کۆن و تێکچووی سووریایە.
بەڕێوەبەری ناحیەی کۆبانێ ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە هەوڵێک هەیە بۆ دروستکردنی ناوەندێکی پۆستە لە کۆبانێ بۆ گۆڕینەوەی ئەو دراوانە، بەڵام ئەم کارە کاتی دەوێت. لەبەر ئەم هۆکارە، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان وەک چارەسەرێکی خێرا و کاتی چەند بڕیارێکی داوە،
"بەڕێوەبەرایەتیی ناوچەکە بڕیاریداوە کە دەبێت نانەواخانەکان، وێستگەکانی سووتەمەنی، بەڕێوەبەرایەتیی سووتەمەنی و شارەوانییەکان دراوی کۆن لە هاووڵاتییان وەربگرن و کارەکانیان بەڕێبکەن."
بۆ ئەو کەسانەش کە پارەیەکی زۆریان لایە و دەیانەوێت بچنە حەلەب بۆ گۆڕینەوەی لە بانکەکان، محەممەد محەممەد ئاشکرای کرد کە ئاسانکارییان بۆ دەکەن و گوتی، "ئەو کەسانەی دەیانەوێت بۆ گۆڕینەوەی پارە بچنە حەلەب، بەڕێوەبەرایەتییەکەمان هێزی پاراستنیان لەگەڵ دەنێرێت بۆ ئەوەی هاتووچۆکەیان سەلامەت بێت و لەسەر رێگاکان رووبەڕووی هیچ رێگرییەک نەبنەوە."
بەڕێوەبەری ناحیەی کۆبانێ روونیکردەوە، تاوەکو ئێستا کاتێکی دیاریکراو دانەنراوە بۆ کۆتا رۆژی گۆڕینەوەی دراوەکان، بەڵام هاووڵاتییان دەتوانن لە ماوەی هەفتەیەک یان دوو هەفتەدا ئەم کارە ئەنجام بدەن.



