رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و مۆزەخانەکانی سووریا، لە لێدوانێکدا بۆ رووداو، باسی لە دۆخی شوێنەوارە زیانبەرکەوتووەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا کرد و ئاماژەی بەوە کرد، لە یەکەمین پلانیاندا شوێنەوارە زیانبەرکەوتووەکانی عەفرین نۆژەن دەکەنەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 30ـی تەممووزی 2026، ئەیمەن مستەفا نابۆ، بەڕێوەبەری پشکنین و جێگری بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و مۆزەخانەکان لە سووریا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکان لە عەفرین بۆ ئێمە لە کارە هەرە لەپێشینە نیشتمانییەکانە. ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و مۆزەخانەکان، بە هاوکاریی ژاپۆن، دەستمان بە پڕۆژەیەکی تایبەت کردووە بۆ بەڵگەکردن و پاراستنی شوێنەواری (عەین دارا) کە یەکێکە لە گرنگترین شوێنەوارە زیانبەرکەوتووەکانی ناوچەکە."
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان لە رێگەی تەکنەلۆژیای نوێ و وێنەی مانگە دەستکردەکانەوە، زیانی شوێنەوارەکانی ناوچەی عەفرین دەکەنە بەڵگەنامە بۆ ئەوەی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکان رێگری لە هەڵکۆڵین، پشکنینی نایاسایی و رووخاندن بە ئامێری قورس بگرن و دۆسیەی یاسایی لەسەر پێشێلکارییەکان ئامادە بکەن.
لەبارەی پرسی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان کە باس لە رێژەیەکی بەرزی رووخاندنی شوێنەوارەکان دەکەن، ئەیمەن نابۆ باسی لەوە کرد، ئەوان هەموو راپۆرتە زانستییەکان بە هەند وەردەگرن، بەڵام نابێت ئەنجامەکانیان بۆ هەموو سووریا گشتگیر بکرێن، چونکە "ئەو توێژینەوانە تەنیا لەسەر چەند ناوچەیەکی دیاریکراو ئامادەکراون."
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و مۆزەخانەکان سەبارەت بە ژمارەی گشتیی ناوچە زیانبەرکەوتووەکان رایگەیاند، "کارەکانمان بۆ ئامادەکردنی ئاماری ناوچە شوێنەوارییە زیانبەرکەوتووەکان لە سەرانسەری سووریا بەردەوامن و لەم قۆناخەدا ئەستەمە بتوانین ژمارەیەکی ورد یان رێژەیەکی گشتی دیاری بکەین."
ئەیمەن نابۆ ئاشکرای کرد، وەزارەتەکەیان بە هاوئاهەنگی دەزگا دادوەری و ئەمنییەکانی سووریا و بە هاوکاریی پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل) کار لەسەر بەدواداچوونی دۆسیەی قاچاخچێتیی شوێنەوار دەکات؛ ئاماژەی بە هەنگاوێکی نوێش کرد و گوتی، "بەم دواییانە 23 پارچەی کۆنی شوێنەواری سووریا کە لە ساڵی 2011ـەوە لە فەرەنسا بوون گەڕێندراونەتەوە". نابۆ ئەمەی وەک "نیشانەی گەڕانەوەی متمانە و هاوکاریی کولتووری" ناوبرد و گوتی، "هیوادارین ئەمە ببێتە سەرەتایەک بۆ گەڕاندنەوەی پارچەکانی دیکە لە وڵاتانەوە."
بەرپرسەکەی حکومەتی سووریا روونیکردەوە کە هەر پڕۆژەیەکی نۆژەنکردنەوە لەسەر بنەمای پێوەرە زانستییە نێودەوڵەتییەکان و ئاستی مەترسی و گرنگیی شوێنەوارەکە ئەنجام دەدرێت؛ گوتیشی، "بۆ شوێنەواری (عەین دارا) پڕۆژەی پاراستن و بەڵگەکردن دەستیپێکردووە و ئەم شوێنە لە پلانی یەکەمینمان دەبێت بۆ نۆژەنکردنەوە، بەو مەرجەی رەسەنایەتی و بایەخە مێژووییەکەی پارێزراو بێت."
توێژینەوەیەک: 59٪ـی شوێنەوارە مێژووییەکانی سووریا تاڵان کراون
بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستیی (هێریتج)، لە 23ـی تەممووزی ئەمساڵدا بڵاوکراوەتەوە، 59٪ـی شوێنەوارە مێژووییەکانی سووریا رووبەڕووی دزی و تاڵانکردن بوونەتەوە.
لە توێژینەوەکەدا هاتووە، عەفرین یەکێکە لەو ناوچانەی زۆرترین رووخاندن، هەڵکۆڵین و پشکنینی بە ئامێری قورس (بیلدۆزەر) تێدا کراوە.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، ئەم پڕۆسەیە لە کۆتایی ساڵی 2018ـەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ساڵی 2025 بەردەوام بووە؛ ئاماژە بەوەش کراوە، بە دەیان گردی مێژوویی لە رێگەی بیلدۆزەرەوە رووخێندراون و هەڵکەندراون، کە ئەم ماوەیە هاوکاتە لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە لەلایەن سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە.
لە توێژینەوەکەدا هاتووە، "لە کۆتایی ساڵی 2018ـەوە سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی، دەستیان بەسەر چەند ناوچەیەکدا گرت لە باکووری سووریا، لەوانەش دۆڵی عەفرین و ئەو ناوچە کوردنشینانەی دەوروبەری شاری کۆبانێ. لەو شوێنانەدا، ژمارەیەکی زۆری شوێنەواری مێژوویی بەهۆی تاڵانکاری بە ئامێری قورس تووشی زیانی گەورە بوون، کە وا دەردەکەوێت ئەم کارانە بە هاوئاهەنگی هێزە سەربازییەکان یان لەژێر پاراستنی ئەواندا کرابن."
هەر لەو توێژینەوەیەدا هاتووە، شوێنەواری مێژوویی (عەین دارا) لە سەرەتای ساڵی 2018 بۆ یەکەمجار لەلایەن سوپای تورکیاوە بۆردوومان کرا؛ دواتر پەیکەری (شێری بەردین)ـی بەناوبانگ برایە تورکیا.
وێنەی مانگە دەستکردەکان نیشانی دەدەن کە کارەکانی هەڵکەندن تاوەکو کانوونی دووەمی 2022 هەردوو گردی بەرز و نزمی شوێنەوارەکەی بەتەواوی گرتووەتەوە و تەنیا پەرستگە بەردینەکە لەو شوێنەدا ماوەتەوە، بەڵام بەشێکی زۆری چینە شوێنەوارییەکان لابراون.
لە توێژینەوەکەدا هاتووە، "ئەم جۆرە هەڵکەندنە مەترسیدارترینە، چونکە تەنیا بە دزینی پارچە مێژووییەکان ناوەستێت، بەڵکو چینە مێژووییەکان تێکدەشکێنێت و دەرووخێنێت، ئەمەش وا دەکات لە داهاتوودا زیاتر رووبەڕووی تاڵانکاری ببنەوە."



