رووداو دیجیتاڵ پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بەردەوامە. تاوەکو ئێستا هەردوو کۆمپانیای قەیوان و خۆشناو نزیکەی 89 هەزار تۆن گەنمیان وەرگرتووە و پرۆسەکەش تاوەکو 20ـی ئاب بەردەوام دەبێت. رۆژی پێنجشەممە، 30ـی تەممووزی 2026، بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئەمڕۆ لە هەردوو کۆمپانیای قەیوان و خۆشناو پرۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت و بەردەوامن لە وەرگرتنی گەنم. کۆمپانیای خۆشناو 60 هەزار و 672 تۆن گەنمی لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی دەوروبەری وەرگرتووە." لەبارەی پارێزگای سلێمانی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان گوتی، "کۆمپانیای قەیوان نزیکەی 28 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی دەوروبەری وەرگرتووە". وەرگرتنی گەنم لەلایەن کەرتی تایبەتەوە لە 20ـی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی لە 18ـی مانگدا پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆ حکومییەکان کۆتایی هات. ئەم کۆمپانیایانە توانای وەرگرتنی 250 هەزار تۆن گەنمیان هەیە. بەپێی رێکار و مەرجەکان، کەرتی تایبەت هەر تۆنێک گەنم بە 400 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگرێت، بەو مەرجەی گەنمەکە هەمان ئەو تایبەتمەندییانەی هەبێت کە لایەنی پەیوەندیدار بۆ وەرگرتنی گەنم دیارییان کردووە. ئەمساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری دا تەنیا 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، کە 292 هەزار تۆنی بە نرخی 700 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەک گەنمی نێو پلانی چاندن وەرگیرا، هەروەها زیاتر لە 108 هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلان بوو، کە تۆنی بە 500 هەزار دینار کڕایەوە.
کوردستان30-07-202643 ساڵ بەسەر ئەنفالی بارزانییەکان تێدەپەڕێت لە 8 هەزار قوربانی تەنیا 696 رووفات گەڕێندراونەتەوە