رووداو دیجیتاڵ
رامی دەهش، ئەو چەکدارەی کە پێشتر ڤیدیۆیەکی بڵاوبووەوە و تێیدا کەزییەکی بڕدراوی کچە شەڕڤانێکی بە دەستەوە بوو، لەنێو خۆپێشاندەرانی دژ بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە شاری گرێ سپیی داگیرکراوی رۆژئاوای کوردستان دەرکەوتەوە.
بەگوێرەی ئەو وێنە و زانیارییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، رامی دەهش کە نیشتەجێی شاری گرێ سپییە، رۆژی شەممە لەنێو کۆمەڵێک چەکدار و سەرۆک هۆزە عەرەبەکاندا بینرا کە دژی هەسەدە لەو شارە گردببوونەوە.
چیرۆکی کەزییەکە چی بوو؟
لە نێوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا، ڤیدیۆیەکی رامی دەهش بڵاوبووەوە کە تێیدا کەزییەکی بە دەستەوە بوو. ئەو کەسە لە ڤیدیۆکەدا دەیگوت کە قژی هەڤاڵێکی بڕیوە، وەک ئاماژەیەک بۆ شەڕڤانانی کورد. کاتێک لێی دەپرسن بۆچی قژی شەڕڤانەکەت بڕیوە، دەڵێ، ئەو کاتەی قژی بڕی، ئەو کچە شەڕڤانە کوژرابوو.
ئەو ڤیدیۆیە کاردانەوەی زۆر گەورەی لەسەر ئاستی جیهان لێکەوتەوە و وەک سووکایەتیکردن بە ژنان و شەڕڤانانی کورد لێکدرایەوە. دواتر ئەو چەکدارە بانگەشەی ئەوەی کرد کە تەنیا گاڵتەی کردووە و ئەوە قژی دەستکرد بووە و لە نێو چێشتخانەیەکدا دۆزیویەتییەوە، بەڵام ئەم قسانە نەسەلمێندران.

رامی دەهش کێیە؟
رامی دەهش لە دەوروبەری ساڵی 1987 لەدایکبووە و باوکی پێنج کچە. چەکدارەکە تۆمەتبار دەکرێ بەوەی پێشتر پەیوەندی بە رێکخراوی داعش و ئەحرار شامەوە هەبووە، پێش ئەوەی بچێتە نێو ئەو هێزانەی کە ئێستا لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە سەرکردایەتی دەکرێن. ئەو کەسە پێشتر بۆ ماوەیەک وەک پەنابەر لە باکووری کوردستان و تورکیا ژیاوە.
بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی کەزییەکە لە کانوونی دووەمدا، وای کرد ژنانی کورد لە سەرانسەری جیهان وەک ناڕەزایەتییەک قژی خۆیان بکەنە کەزی و دروشمی "لە جێی هەر کەزییەک، ملیۆنان کەزیی دەهۆنرێنەوە) و "ژن، ژیان، ئازادی"یان بەرز کردەوە. خۆپێشاندان لە هەرێمی کوردستان و چەندین شاری وڵاتان دژی ئەو رەفتارە کرا. دەسەڵاتدارانی سووریا دواتر رامی دەهشیان لە رەققە بە تۆمەتی تێکدانی رەوشتی گشتی دەستگیرکرد، بەڵام دوای ماوەیەکی کورت ئازاد کرا.
شاری گرێ سپی لە ساڵی 2019 لە لایەن سوپای تورکیا و هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای ئەو کات کە تورکیا پاڵپشتی دەکردن، داگیر کرا. ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە بووە هۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییانی نیشتەجێی گرێ سپی و خەڵکی عەرەبیش لە شوێنە جیاوازەکانی سووریاوە چوونە ئەو شارە.


