رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک، هەڵمەتێکی نوێی بۆ چۆڵکردنی ئەو خانووانە دەستپێکردووە کە کوردانی گەڕاوەی دوای ساڵی 2003 تێیدا نیشتەجێن. کۆمپانیاکە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ 40 سەرۆک خێزان دەرکردووە و داوای ملیۆنان دینار "کرێی رابردوو"یان لێدەکات.
ئەو خێزانانە کە ماوەی 23 ساڵە لە گەڕەکی عەرەفەی شاری کەرکووک نیشتەجێن، ئێستا لەبەردەم هەڕەشەی دەستگیرکردن و دەرکردن دان. بەپێی بڕیارێکی کۆمپانیاکە، هەر خێزانێک دەبێت بڕی 75 ملیۆن دینار وەکو کرێی ئەو 23 ساڵەی تێیدا نیشتەجێ بوون، بدەنە دەوڵەت.
کەژاڵ یابە، ژنێکی تەمەن 67 ساڵە و یەکێکە لەو کەسانەی فەرمانی دەستگیرکردنی لە بنکەی پۆلیسی عەرەفەوە بۆ دەرچووە، ئەو بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە لە ساڵی 2003وە ئەم خانووەمان بە هەیکەل کڕیووە و پارەیەکی زۆرمان لێ خەرج کردووە تاوەکو تەواومان کردووە، کەچی ئێستا دەستبەسەرداگیراوی خراوەتە سەری و ناتوانین هیچی لێ بکەین."
کەژاڵ یابە، باسی لەوەش کرد پێشتریش فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە و بە دەستەبەری ئازاد کراوە، بەڵام جارێکی دیکە ناوی لە لیستی داواکراواندایە. گوتیشی: "مانگی 300 هەزار دینار کرێیان بۆ هەژمار کردووین، دەبێت 75 ملیۆن دینار بدەین و خانووەکەش چۆڵ بکەین."
خانووەکانی گەڕەکی عەرەفە لە بنەڕەتدا موڵکی کۆمپانیای نەوتی باکوورن، بەڵام لە ساڵی 2003دا، کاتێک ئاوارە گەڕاوەکانی کەرکووک گەڕانەوە شارەکە، ئەو خانوانەیان بە نیوەچڵی (هەیکەل) مابوونەوە، کڕین و لەسەر ئەرکی خۆیان تەواویان کردن. لەو کاتەوە کۆمپانیاکە چەندین جار هەوڵی چۆڵکردنیانی داوە.
فەرهاد زەنگەنە، یەکێکی دیکە لە دانیشتووانی گەڕەکەکە، رەخنە لە رێکارەکانی کۆمپانیاکە دەگرێت و دەڵێت: "لەبری ئەوەی کێشەکەمان بۆ چارەسەر بکەن، کۆمپانیای نەوتی باکوور فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ 40 ماڵ دەرکردووە. ئێمە ماوەیەکی زۆرە لێرە نیشتەجێین و ئەمە مامەڵەیەکی نادادپەروەرانەیە."
پێشتر دانیشتووانی ئەو 40 خانووە بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک خێوەتی مانگرتنیان هەڵدا بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەر. بڕیار وابوو حکومەت لە شوێنێکی دیکە بە زەوی و خانوو قەرەبوویان بکاتەوە، بەڵام دواتر ئەو بڕیارە هەڵوەشایەوە و ئێستا دانیشتووانەکە لەنێوان بژارەی چۆڵکردن،دانی سزای دارایی قورس، یان زیندانیکردندا ماونەتەوە.


