رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرەخۆشی لە کەسوکاری رووداوەکەی هاتووچۆی رێگەی دێرەزوور - دیمەشق دەکات کە لانیکەم 35 کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.
رۆژی شەممە، 25ـی تەممووزی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی ئێکس، پەیامێکی هاوخەمی بۆ حکوومەت و کەسوکاری قوربانییانی رووداوەکەی هاتووچۆی رێگەی دێرەزوور - دیمەشق دەربڕی.
لە پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نووسراوە، "بە خەم و پەژارەیەکی قووڵەوە هەواڵی ئەو رووداوە دڵتەزێنەی هاتووچۆمان پێگەیشت کە لە کۆماری عەرەبیی سووریا روویدا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک هاووڵاتی، کە زۆربەیان کارمەندی وەزارەتی ناوخۆ بوون."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی هاتووە، "پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری قوربانییان و حکوومەتی سووریا دەکەین. لە خودای گەورە داواکارین گیانلەدەستداوەکان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و شیفای بەپەلەش بۆ بریندارەکان بنێرێت."
ئەمڕۆ شەممە، 25ـی تەممووزی 2026، بەهۆی پێکدادانی دوو پاس لە رێگەی دێرەزوور - دیمەشق لانیکەم 35 کەس گیانیان لەدەستدا و 30 کەسی دیکەش بریندار بوون؛ یەکێک لە پاسەکان ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سووریای تێدابووە.
بەڕێوەبەرایەتیی فریاکەوتن و بەڕێوەبردنی کارەساتەکان لە دێرەزوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی رووداوەکە، 35 کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیانی دیکەش بریندارن." ئاماژەی بەوەش کرد، "رووداوەکە بەهۆی خێرایی زۆرەوە روویداوە."
نەجیب نەعسان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی فریاکەوتن و فریاگوزاری لە وەزارەتی تەندروستیی سووریا، بە ئاژانسی فەرمیی سانای راگەیاندووە، جگە لە گیانلەدەستدانی 35 کەس، 30 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی فریاکەوتن و بەڕێوەبردنی کارەساتەکان، کۆی گشتیی رووداوەکان لە ماوەی 5 مانگی یەکەمی ساڵی 2026، گەیشتووەتە 1461 رووداو، کە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی 81 کەس و برینداربوونی 1333 کەس.


