رووداو دیجیتاڵ
هەڵۆیەک لەلایەن کەسێکەوە لە شاری سەقز لە پارێزگای سنە گیرابوو، بەڵام لەلایەن ژینگەپارێزانی سەقزەوە رزگارکرا و گەڕێندرایەوە نێو سروشت.
رۆژی شەممە، 25ـی تەممووزی 2026، ئارمان ئەمینی، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ژینگەپارێزیی کۆژین لە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "لە ساڵیادی شەهیدانی ژینگە لە سنە و کامێران، هەڵۆیەک کە لەلایەن راوچییەکەوە گیرابوو، گەڕێندرایەوە نێو سروشت."
ئارمان ئەمینی گوتی، "ئێمە وەک ژینگەپارێزان توانیومانە لە چەند ساڵی رابردوودا نزیکەی 600 باڵندەی بریندار و لەقەفەسکراو بگەڕێنینەوە نێو سروشت. ئەم هەڵۆیە لەلایەن راوچییەکەوە گیرابوو."
ئارمان ئەمینی ئاماژەی بەوەشکرد، "بڕیارمان دا لە ساڵوەگەڕی شەهیدانی ئاویەر، لەبری شینگێڕان، چالاکی بکەین و بە خزمەتکردنی ژینگە درێژە بە رێگەی ژینگەپارێزان بدەین."
بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ژینگەپارێزیی کۆژین گوتیشی، "بە هاوکاریی کارگێڕیی ژینگەی سەقز توانیمان ئەو هەڵۆیە لە دەستی راوچییەکە رزگاربکەین و بڕیارمان دا هەڵۆکە لەسەر قەڵای زێوێی سەقز کە بە هێمای مێژوو و فەرهەنگی کوردستان ناسراوە، ئازاد بکەین."
رۆژی 24ـی تەممووزی 2025 ئاگرێکی گەورە چیای ئاویەری سنەی گرتەوە، لە ئەنجامدا زیاتر لە 150 هێکتار دارستان، پووش و پاوان سووتا. لە ئاگرەکەدا 8 ژینگەپارێز برینداربوون کە سێ کەسیان بە ناوی حەمید مورادی، چیاکۆ یوسفینەژاد و خەبات ئەمینی گیانیان لەدەستدا.



