رووداو دیجیتاڵ
دوای هێرشە درۆنییەکانی ئەمڕۆی سەر هەولێر، پێنج گەشتی ئاسمانی بۆ هەولێر هەڵوەشاونەتەوە، بەڵام بەگشتی فڕۆکەخانە کراوەیە و گەشتەکانی دیکە بەردەوامن، بەڵام لە فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی هیچ گەشتێک هەڵنەوەشاوەتەوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 24ـی تەمموز تاوەکو کاژێر 08:00ـی ئێوارە، پێنج گەشت لەلایەن کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانەوە بۆ هەولێر هەڵوەشانەتەوە و ئەمانەن:
گەشتی ئەنقەرە – هەولێر لە رێگەی کۆمپانیای هێڵی فڕۆکەوانیی پێگاسۆسی تورکی، دەبووایە کاژێر 06:25ـی ئێوارەی ئەمڕۆ 24ـی تەمموز بگاتە هەولێر، هەڵوەشاوەتەوە.
گەشتی عەممان – هەولێر، لەلایەن هێڵی رۆیاڵی ئوردنییەوە دەبووایە کاژێر 08:00ـی شەوی 24ـی تەمموز بگاتە هەولێر و هەڵوەشێندراوەتەوە.
هەر ئەمڕۆ سێ گەشتی دیکە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر هەڵوەشانەوە، کە بریتیبوون لە: دوو گەشتی عەممان هەولێر و گەشتێکی دۆحە – هەولێر.
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاسمانی هەولێر کراوەیە و گەشتەکان بەردەوامن".
دوایین فڕۆکە بڕیارە کاژێر 04:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە ئیستەنبووڵەوە بگاتە هەولێر و فڕۆکەکە تورکیای جیهێشتووە. هەروەها بڕیارە کاژێر 06:00ـی ئێوارە، فڕۆکەیەکی کۆمپانیای فڵای ئەربیل لە ئەمستردامی پایتەختی هۆڵەنداوە بگاتە فڕۆکەخانەی هەولێر.
بەگوێرەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی لە شاری سلێمانی، ئەمڕۆ هیچ گەشتێکیان هەڵنەوەشاوەتەوە و گەشتەکانیان ئاسایی بەڕێوەچوون.



