رووداو دیجیتاڵ دوو پەرلەمانتاری کورد، وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە مەترسیی گواستنەوەی کۆبۆنی خۆراک ناوچە کوردستانییەکان ئاگادار دەکەنەوە، کە بەپێى لارینەبوونی لیژنەی باڵای مادەی 140 دەکرێت. سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، کە خەڵکی گەرمیانە و هەڵۆ جەباری، پەرلەمانتاری کورد کە خەڵکی کەرکووکە، بە نووسراوی فەرمی وەزیری بازرگانیی عێراقیان لەو کارە ئاگادار کردووەتەوە. لە نووسراوەکەی سروە محەممەددا بۆ وەزیری بازرگانیی عێراق، داوا کراوە کە "بەپەلە و خێرا" دەستوەردان بکات بۆ رێگری لە گواستنەوەی کۆبۆنی خۆراک لە سەرجەم پارێزگاکانەوە بۆ قەزای خانەقین لە پارێزگای دیالە "بەهۆی ئەوەی کاریگەریی لەسەر باری دیمۆگرافی و کارگێڕی دەبێت، بەتایبەت ئەو ناوچانەی کە مادەی 140 دەیانگرێتەوە". سروە محەممەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو گواستنەوەیەی کۆبۆنی خۆراکە لە رێگەی وەرگرتنی لارینەبوون لە لیژنەی مادەی 140 دەکرێت بۆ ناوچە کوردستانییەکان. بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، هەرچەندە ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەو جۆرە کۆبۆنی خۆراکیان گواستووەتەوە زۆر نییە، بەڵام ئەگەر هەیە لە داهاتوودا زیاتر بن و کاریگەریشیان زۆرتر بێت. بەگوێرەی مادەی 140ی دەستوور، دانیشتووانی رەسەنی ناوچە کێشە لەسەرەکان چارەنووسی کارگێڕیی ئەو ناوچانە لە رێگەی گشتپرسییەوە یەکلایی دەکەنەوە، کە نابێت خەڵکی ناوچەکانی دیکە بە هەمیشەیی بۆ بگوازرێنەوە بۆ ئەو ناوچانەى مادەى 140 دەیانگرێتەوە. مستەفا نزار، وەزیری بازرگانیی عێراق لە پەراوێزی نووسراوەکەی سروە محەممەد، داوای لە بەشی پلاندانانی وەزارەتەکەی کردووە "بەپەلە" چاوی پێدا بخشێنن و پێشنیازی خۆیان لەوبارەیەوە بنێرن.