رووداو - دیجیتاڵ سەرجەم فراکسیۆنەکانی نێو ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە نووسراوێکی فەرمی داوا لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن بگەڕێتەوە نێو کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیش دەڵێت: "لە رۆژانی داهاتوودا وەڵامی فەرمیمان دەبێت." حەسەن مەجید رەشید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نوێنەرانی سەرجەم فراکسیۆنەکان بە سەرۆکایەتیی محەممەد حافز، سەرۆکی ئەنجوومەن، سەردانیان کردوون و داوای کۆتاییهێنان بە بایکۆتی پارتییان کردووە. حەسەن مەجید گوتی: "داواکەمان گەیاندووەتە سەرکردایەتیی پارتی؛ هەر بڕیارێک لە بەرژەوەندیی خەڵکی کەرکووک بێت دەیدەین. ئێستا لای هەمووان روونە کە بوونی پارتی لە نێو کایەی سیاسی و ئەنجوومەنی پارێزگادا گرنگە و خاوەن سەنگی خۆیەتی." لایەنەکانی دیکەی نێو ئەنجوومەنەکە، ئامادەنەبوونی پارتی بە زیان بۆ کارەکانی ئەنجوومەن دەبینن. ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک (فراکسیۆنی یەکێتی) بە رووداوی گوت: "گەڕانەوەی برایانمان لە پارتی گرنگە، چونکە بەهۆی نەبوونی ئەوانەوە کەلێن لە لیژنەکانی ئەنجوومەندا دروستبووە." هاوکات، رەعد ساڵح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک (فراکسیۆنی هاوپەیمانیی عەرەبی) ئاماژەی بەوە کرد کە پارتی پێگەیەکی نێودەوڵەتی و جەماوەریی بەهێزی هەیە و گوتی: "پێویستمان بە بوونی ئەوان هەیە بۆ دەنگدان لەسەر بڕیارەکان؛ ئەوان برای ئێمەن و بە ئومێدی گەڕانەوەیانین." بەگوتەی رەعد ساڵح، لایەنی چاودێریی سەرۆکوەزیرانی عێراق چەندین ئاگادارکردنەوەی ناردووە کە "نائامادەیی پارتی رێکار و ماوەی یاسایی خۆی تێپەڕاندووە" و پێویستە لایەنەکان بگەنە رێککەوتن. ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی عەرەبی ئاشکراشی کرد کە 15 رۆژ لەمەوبەر، شاندێکی عەرەبی بە سەرۆکایەتی راکان سەعید و چەند ئەندامێکی دیکە سەردانی بارەگای پارتییان کردووە بۆ هەمان مەبەست. ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 ئەندام پێکدێت. کێشەکان دوای ئەوە دەستیان پێکرد کە شەوی 10-08-2024، نۆ ئەندامی ئەنجوومەن (5 یەکێتی، 3 عەرەب و ئەندامە کریستیانەکە) لە هۆتێل رەشیدی بەغدا کۆبوونەوە و رێبوار تەهایان وەک پارێزگار هەڵبژارد. پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنی تورکمانی و بەشێک لە عەرەبەکان ئەو کۆبوونەوەیەیان بە "نایاسایی" وەسف کرد و لەو کاتەوە پارتی بایکۆتی دانیشتنەکانی کردووە.