رووداو - دیجیتاڵ
ئێوارەی دووشەممە 20ی تەممووز، لە گەڕەکی بەردەسووری قەزای کەلار، رووداوێکی دڵتەزێن روویدا و تێیدا کچێکی تەمەن سێ ساڵان کەوتە ژێر ئۆتۆمبێلی باوکییەوە و بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
رەفیق قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار بە رووداوی راگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ منداڵێکیان هێنایە نەخۆشخانەکەمان کە تەمەنی سێ ساڵ بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی برینەکەی زۆر قورس بوو، گیانی لەدەستدا."
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی گوتەی کەسوکارەکەی، ئەو منداڵە کە کچ بووە، لە گەڕەکی بەردەسوور بەهۆی بێئاگاییەوە کەوتووەتە ژێر ئۆتۆمبێلەکەی باوکییەوە.
ئێستا تەرمی منداڵەکە رەوانەی پزیشکی دادی کەلار کراوە بۆ جێبەجێکردنی رێکارە یاساییەکان و تیمەکانی پۆلیسیش لێکۆڵینەوەیان لە چۆنیەتیی رووداوەکە دەستپێکردووە.

