رووداو دیجیتاڵ
دۆغان خاتوون، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی ئامەد، بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی راگەیاند. خاتوون هۆکارەکەی بۆ خراپیی باری تەندروستی و "نەتوانینی بەجێگەیاندنی ئەرکەکان وەک پێویست" گەڕاندەوە.
دۆغان خاتوون، کە لە هەڵبژاردنی 31ـی ئاداری 2024ـدا بە رێژەی نزیکەی 65%ـی دەنگەکان وەک هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی ئامەد هەڵبژێردرا، دوای زیاتر لە دوو ساڵ بەڕێوەبردنی ئەرکەکەی، بڕیاری وازهێنانی دا.
هاوسەرۆکی دەستلەکارکێشاوەی ئامەد، لە روونکردنەوەیەکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) رەخنەی لە خۆی گرت و رایگەیاند: "نەمتوانیوە لەو ئاستەدا بم کە پارتەکەمان و گەلەکەمان چاوەڕوانیان دەکرد؛ نەمتوانیوە ئەو رۆڵ و ئەرکەی لەئەستۆم گرتووە بەو شێوەیە جێبەجێ بکەم کە دەمویست و وەڵامدەرەوەی بەرپرسیارێتییەکان بم."
جگە لە لایەنە ئیدارییەکە، دۆغان خاتوون ئاماژەی بەوە کرد کە باری تەندروستی رێگر بووە لە بەردەوامبوونی، چونکە لە ماوەی کارکردنیدا سێ جار نەشتەرگەریی قەستەرەی بۆ کراوە، ئەوەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر توانای جێبەجێکردنی ئەرکەکانی هەبووە.
بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی دۆغان خاتوون لە چوارچێوەی "پرەنسیپی کشانەوە"دا هاتووە کە لەنێو پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) پەیڕەو دەکرێت. بەپێی ئەم بنەمایە، هەر بەرپرسێکی شارەوانی ئەگەر بەهۆی کێشەی تەندروستی یان سەرکەوتوو نەبوون لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان هەست بکات ناتوانێت ئامانجەکانی پارتەکە بپێکێت، بە رەزامەندیی سەرکردایەتی لە پۆستەکەی دەکشێتەوە.
ئەم بڕیارە دوای بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی گشتیی بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەکانی دەم پارتی دێت، کە تێیدا هەڵسەنگاندن بۆ کارنامەی سەرۆک شارەوانییەکان کراوە. دۆغان خاتوون ئاماژەی بەوە کرد کە داواکارییەکەی لەلایەن سەرکردایەتیی پارتەکەیەوە پەسند کراوە و گوتیشی: "باوەڕم وایە لە مەیدانەکانی دیکەدا خەباتەکەم بە شێوەیەکی بەهێزتر بەردەوام دەکەم."



