رووداو دیجیتاڵ
دوێنێ بارەگای یەکێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری هەولێر بە درۆن بۆردوومان کرا. بەرپرسێکی حیزبەکە بانگەشەی ئەوە دەکات، جەستەی نۆ پێشمەرگەیان سووتاوە و لە "مادەی تەقەمەنییەکەدا فۆسفۆری سپی بەکارهێندراوە".
کاژێر 02:00ـی بەرەبەیانی 19ـی تەمموز، بارەگایەکی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) لە نزیک کەمپی دارەشەکران بە دووری نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە شاری هەولێر بۆردوومان کرا. ئەدیب خالیدییان، ئەندامی سەرکردایەتیی حیزبەکە، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆردوومانەکە بە یەک درۆن بوو، بەڵام مادەی تەقەمەنییەکەی جیاوازتر بوو لە هەموو درۆنەکانی پێشوو، ئاگر و کاریگەرییەکەیشی جیاواز بوو".
ئەدیب خالیدییان گوتی: "بەهۆی هێرشەکەوە نۆ پێشمەرگەمان بریندار بوون و جەستەیان سووتاوە. هەشتیان رەوانەی نەخۆشخانە کراون و ئێستا چارەسەری پزیشکی وەردەگرن؛ چواریان تەندروستییان باش نییە".
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پاک ئاماژەی بەوەکرد: "لە تەقەمەنی درۆنەکەدا مادەی فۆسفۆری سپی بەکارهێندراوە. ئێمە خۆمان لەوە دڵنیا بووینەتەوە، چونکە گڕە گەورەکەی، زۆریی پانتایی ئەو شوێنەی گڕی گرت و برینی بریندارەکان ئەوەی بۆ دووپاتکردووینەتەوە".
فسفۆری سپی بریتییە لە مادەیەکی کیمیایی و هەرکە بەر ئۆکسجینی هەوا دەکەوێ، لەخۆیەوە گڕ دەگرێ و تاوەکو بەتەواوی نەسووتێت، ئاگرەکەی ناکوژێتەوە.
لەبارەی راپۆرتی پزیشکییەوە ئەدیب خالیدییان گوتی: "لەگەڵ پزیشکان تاوتوێی ئەوە کراوە کە ئایا برینی بریندارەکان بەهۆی فۆسفۆری سپییەوەیە یان نا، بەڵام کاتی دەوێ و ئێمەش چاوەڕێی راپۆرتی پزیشکین".
پارتی ئازادیی کوردستان یەکێکە لە هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بارەگایان لە هەرێمی کوردستانە. بەگوێرەی ئاماری خۆیان، لە 28ـی شوباتەوە بەهۆی "هێرشەکانی ئێرانەوە دوو پێشمەرگەیان شەهید بوون و 26ـی دیکەیان بریندار بوون".
هەرچەندە لە یاسای نێودەوڵەتیدا بەکارهێنانی فسفۆری سپی لە بەرەکانی جەنگدا تەنیا بۆ "دروستکردنی دووکەڵ و رووناککردنەوە" رێگەپێدراوە، بەڵام بەکارهێنانی وەک چەک بۆسەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون بە تاوانی جەنگ دادەنرێ. هۆکاری ئەمەش بۆ مەترسییە کوشندەکانی دەگەڕێتەوە، چونکە پلەی گەرمیی سووتانەکەی دەگاتە سەرووی 800 پلەی سیلیزی و کاتێک دەکەوێتە سەر جەستەی مرۆڤ، پێست و گۆشت و تەنانەت ئێسکەکانیش دەسووتێنێت. سەرەڕای ئەوەی بە ئاو ناکوژێتەوە، دووکەڵەکەشی زۆر ژەهراوییە و دەبێتەهۆی سووتانی سییەکان، خنکان و لەکارخستنی جگەر و گورچیلە.
پارتی ئازادیی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بەپێی بینین و پشکنینی نۆ پێشمەرگەی برینداری هێرشەکە و ئاگری بەرفراوانی ژینگە و شوێنی بە ئامانج گیراو، ئەو تەقەمەنییەی کە لەو هێرشەدا بەکارهاتووە، فۆسفۆری سپیی تێدا بووە".
ئەو حیزبە دەڵێت، "ئەم پەلامارە تەنیا تاوان نییە، بەڵکو پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەما سەرەکییەکانی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆڤییە لە کاتی شەردا".

