رووداو دیجیتاڵ
دوو دانیشتن لەبارەی دوو سکاڵا لە دادگەیەکی کەرکووک بەڕێوەدەچن کە نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان و سەربازێک دژی یەکدی تۆماریان کردووە، ئەوەش تایبەت بەو دۆخەی لەسەر کێڵانی زەوی بەر لە زیاتر لە ساڵێک لەو پارێزگایە لەنێوان هەردوولا روویدا.
ئەمڕۆ دووشەممە 20ی تەممووزی 2026، ئەو دوو دانیشتنە لە دادگەی کەتنی کەرکووک ئەنجام دەدرێن.
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان بە رووداوی گوت: "سکاڵایەکیان لەلایەن کەڕار شاکر، سەرباز لە سوپای عێراق دژم تۆمارکراوە. منیش سکاڵام دژی ئەو سەربازە و ئەفسەرێک تۆمار کردووە کە فەرمانی پێداوە هێرش بکرێتە سەرم".
ئەو سکاڵایانە تایبەتن بە رووداوەکانی 17ی شوباتی 2025 کاتێک محەممەد ئەمین خەریکی کێڵانی زەوییەکەی بوو، سوپا رێگری لێکرد و ئەویش رووبەڕوویان بووەوە.
محەممەد ئەمین رایگەیاند، دانیشتنەکانی دادگە لەسەر داواکاریی سکاڵاکارەکە لە دادگەی دووبزەوە گوێزراوەتەوە بۆ دادگەی کەتنی کەرکووک.
رۆژی یەکشەممە 19ی تەممووزی 2026، دادگەی کەتنی کەرکووک سکاڵایەکی دیکەی دژی نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان دواخست بۆ 23ی ئاب، ئەوەش لەسەر داوای سکاڵاکارەکە کە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک بوو لەسەر هەمان رووداو کە پار روویدا.


