رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کۆنترۆڵی قەیران لە پارێزگاکانی ورمێ و تەورێز دەڵێن، ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر چەند ناوچەیەکی سەربازیی ئێران لەو دوو پارێزگایە. میدیای ئێرانیش بڵاوی کردەوە، لە لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیستراوە.
هێرشەکەی تەورێز بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 20-07-2026 بۆسەر ناوچەیەکی سەربازی لە باشووری رۆژئاوای پارێزگاکە بووە. مەجید فەرشی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانەکانی تەورێز رایگەیاند، دەنگی سێ تەقینەوەی بەهێز بیستراوە.
بەگوتەی مەجید فەرشی، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
هاوکات حامید سەفاری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانەکانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان گوتی، بە درۆن هێرش کراوەتە سەر ناوچەیەک لە نزیک ناوەندی پارێزگە.
تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە زیانە گیانی و مادییەکانی هێرشەکەی سەر ورمێ بڵاونەکراوەتەوە.
ئیحسان جیهانیان، جێگری پارێزگاری بووشێهری باشووری ئێرانیش رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە دوو قۆناخ هێرش کراوەتە سەر دوو ناوچەی سەربازیی شاری خۆرمۆجی سەر بە پارێزگاکە.
وەک ئیحسان جیهانیان دەڵێ، هێرشەکە بووەتەهۆی بڕانی کارەبا لە چەند ناوچەیەکی خۆرمۆج.
ئەو هێرشانە لەکاتێکدان کە بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، لە 24 کاژێری رابردوودا لە شارەکانی سیریک، بەندەری جاسک، کونارەک، سەربەندەر، بەندەرعەباس، ماهشەهر و چابەهاری باشووری وڵاتەکەش دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز بیستراوە.
9 شەوە ئەمریکا بە دەستی بە بۆردوومانی چڕی ناوچە جیاجیاکانی ئێران کردووەتەوە، لە بەرامبەردا هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش بەردەوامن لە هێرشی درۆنی و مووشەکیی سەر وڵاتانی دراوسێی.


