رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی باڵندا - بارزان لە ساڵی 2013ـەوە بەردی بناغەی دانراوە، دوای تێپەڕاندنی چەندین قەیران و ئاستەنگ، گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی. پڕۆژەکە کێشەی بێ ئاوی لە 53 گوندی سنووری سێ قەزا چارەسەر دەکات و نزیکەی 35 هەزار کەس لێی سوودمەند دەبن.
پڕۆژەکە لەسەر ئاوی رووباری "شین" لە گوندی باڵندای سەر بە قەزای مێرگەسۆر جێبەجێ کراوە، لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی هێرشەکانی داعش، قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە کارەکانی سست ببوو، بەڵام رانەگیرا و ئێستا ئاوەدانەییەکی زیاتر دەگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەکە.
سەمیر مشیر، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە دەڵێت: "ئەمە یەکێکە لە پڕۆژە هەرە پێشکەوتووەکانی کوردستان و عێراق، هەم لە رووی ئەو تەکنەلۆجیایانەی تێیدا بەکارهێندراون، هەم لە رووی شێوازی جێبەجێکردنی. سەرچاوەی ئاوەکە رووباری شینە کە یەکێکە لە سەرچاوە هەرە پاکەکانی ناوچەکە. دوای وەرگرتنی ئاوەکە لە رووبارەکە، هەموو هەنگاوەکانی پاڵاوتن بەپێی ستانداردی جیهانی تێدەپەڕێنێت و پاشان دەدرێتە هاونیشتمانییان."
نزیکەی 35 هەزار دانیشتووی سنووری قەزاکانی مێرگەسۆر، خەلیفان و ئاکرێ سوود لەم پڕۆژە ستراتیژییە وەردەگرن، بۆ ماوەی لانی کەم 20 ساڵی دیکە ئاوی خواردنەوەی ناوچەکە دابین دەکات.
هاونیشتمانییانی ناوچەکە ساڵانێکی زۆرە بەدەست کێشەی کەمئاوییەوە دەناڵێنن، خۆشحاڵن بە تەواوبوونی پڕۆژەکە. ئەنوەر ئەحمەد، دانیشتووی سنووری ئاکرێ دەڵێت: "تاوەکو ئەمڕۆ ئاومان بە تانکەر بۆ دەهات و زۆر زەحمەت بوو، بەڵام ئێستا گوندەکانمان ئاوەدان دەبنەوە و ئاوێکی زۆرمان پێدەگات."
کێشەی کەمئاوی لە ساڵانی رابردوودا ببووە هۆی کۆچی بەشێک لە گوندنشینان، بەڵام وەکو موحسین مستەفا، دانیشتووی سنووری خەلیفان ئاماژەی پێدەدات: "بەهۆی ئەم پڕۆژەیەوە کێشەی کۆچکردنی خەڵک بەهۆی بێ ئاوی چارەسەر بوو."
خورشید عەلی، دانیشتووی سنووری مێرگەسۆرە، باس لەوە دەکات ساڵی رابردوو هەموو سەرچاوە ئاوییەکانی گوندەکەیان وشک ببوون و تەنیا پشتیان بە ئاوی بیر بەستبوو، بەڵام ئەم پڕۆژەیە کۆتایی بەو مەینەتییانە دەهێنێت.
پڕۆژەی ئاوی باڵندا - بارزان، جگە لە دابینکردنی ئاوی خاوێن، هۆکارێکی گرنگ دەبێت بۆ مانەوەی هاونیشتمانییان لە گوندەکانیان و گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و ئاوەدانی لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆک.

