رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ورمێ 8 بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکران. فەرماندەی پۆلیسی پارێزگاکە دەڵێت، دەست بەسەر 250 کیلۆگرام مادەی هۆشبەریشدا گیراوە.
رۆژی شەممە، 18ی تەممووزی 2026، رەحیم جەهانبەخش، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، "لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکاندا، لە سنووری پارێزگاکە دەستیان بەسەر 250 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆراوجۆردا گرتووە."
فەرماندە پۆلیسی ورمێ گوتی: "هەر لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، دەست بەسەر 5 ئۆتۆمبێلدا گیراوە کە بۆ گواستنەوەی مادەی هۆشبەر بەکارهێنراون."
بەگوێرەی پۆلیسی ورمێ، جگە لە دەستگیرکردنی 8 فرۆشیاری مادە هۆشبەرەکان، کۆمەڵێک ئالوودەبووش لە سنووری پارێزگاکە دەستبەسەر کراون و گوێزراونەتەوە بۆ بنکەکانی شیاندنەوە.
پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی هاوسنووریی لەگەڵ تورکیا، هەرێمی کوردستان و ئازەربایجان وەک شوێنێکی ترانزێت بۆ قاچاخی مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنرێت و ساڵانە لە پارێزگەکەدا دەست بەسەر نزیکەی پێنج تۆن مادەی هۆشبەردا دەگیرێت. هەروەها بڕێکی زۆری مادەی هۆشبەر لە ناوخۆی ئەو پارێزگایە بەکاردەهێنرێت.



