لە ناحیەی ئاخجەلەری سەر بە پارێزگای سلێمانی، درۆنێک تێکشێندرا و ئاگر لە دەشتی (کانی هەنجیری برایم ئاغا) کەوتەوە. بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێ، "15 دۆنم پووش و پاوان سووتاوە." هێمن بەهجەت، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاخجەلەر، ئەمڕۆ هەینی 17ـی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: " دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە درۆن هێرش کراوەتە سەر سنووری ناحیەی ئاخجەلەر و درۆنەکە لە ئاسمان تێکشکێندراوە، بەڵام لە ئاکامی کەوتنە خوارەوەی پارچەکانی درۆنەکە، ئاگر لە دەشتی سنوورەکە بەربووە و 15 دۆنم پووش و پاوان سووتاوە." هێمن بەهجەت روونیکردەوە، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی و بنکەی پۆلیسی دارستانی ئاخجەلەر ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە و راشیگریاند: "هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە." بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دەستپێکی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوەتاوەکو ئەمڕۆ، هەرێمی کوردستان بە 905 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە. لە ئەنجامدا 30 شەهید و 138 بریندا هەن.