رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی کارەبا، بەشێک لە هاونیشتمانییان سپلیتەکانیان دەفرۆشنەوە، ئەمەش وایکردووە بازاڕی کڕینەوەی سپلیتی دەستی دوو و کۆنە گەرم بێت، کە بەشێکی زۆری ماددەکانیان، بەتایبەت مس و پلاستیک، هەناردەی ئێران دەکرێن.
یاسر عیزەدین، کڕیاری کەلوپەلی دەستی دوو، دەڵێت: "سپلیت زۆرە بیکڕینەوە، پێش چەند رۆژێک کەسێک هات گوتی پێنج بۆ شەش سپلیتم هەیە لێم بکڕەوە، هەمووی بەدیوارەوەیە و هەمووشی ئیش دەکات."
ئەوەی جێگەی سەرنجە، نرخی فرۆشتنەوەی سپلیتی دەستی دوو گران بووە. کڕیارێک وەک یاسر، 140 هەزار دینار دەدات بە سپلیتێکی دەستی دووی دوو تۆنی، کە پێشتر نرخەکەی 100 هەزار دیناریش نەبوو. دواتر ئەو سپلیتانە دەبرێن بۆ گەراجەکانی سکرابکردن و بە نزیکەی 190 بۆ 200 هەزار دینار دەفرۆشرێنەوە.
بژار سەعید، سکرابکاری سپلیت، باس لەوە دەکات، "رۆژانە لەو بازاڕە رەنگە 100 سپلیت بێت، خەڵک لێی بێزار بووە، چونکە کارەبای زۆر دەوێت و ناچارن ئیشی پێناکەن، بۆیە دێت و دەیفرۆشێت. دواتر سکراب دەکرێت و دەنێردرێت بۆ ئێران یان تورکیا."
هۆکاری سەرەکیی گرانبوونی نرخی سپلیتی دەستی دوو بۆ ئەو مسە دەگەڕێتەوە کە لە نا ویدایە و بە "سفر" ناسراوە. سپلیتێکی دوو تۆنی نزیکەی پێنج کیلۆگرام مسی تێدایە و نرخی یەک کیلۆ مس لە هەولێر بە 16 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
رێبوار خێرژەیی، خاوەن گەراجی سکرابکردنی سپلیت، دەڵێت، "هەموو شتەکانی ناوی پارە دەکات، ئاسنەکە و پلاستیکەکە، هەمووی پارەیە و هیچ شتێکی بەفیڕۆ ناڕوات. ئێران هەموو ماددەکانی دەوێت، لە فافۆن و مس و پلاستیک."
جگە لە مس و فافۆن، ئێران خواستی لەسەر پلاستیکی دەوری سپلیتەکانیش هەیە. بارهەڵگرەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دێنە هەولێر بۆ ئەوەی ئەو ماددانە ببەنەوە.
مەنسوور محەممەد، شۆفێری بارهەڵگر، دەڵێت: "پێشتر ئێران لە وڵاتانی دیکەوە ماددەی خامی هاوردە دەکرد، بەڵام ئێستا کە رێگە نییە، ئەم ماددانە دەبات و لە کارگەکان بۆ دروستکردنی شتی دیکە بەکاریان دەهێنێت."
خواستی ئێران بۆ مسی سکراب بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، چونکە تێچووی زۆر کەمترە لە بەرهەمهێنانی مس لە ماددەی خاو. جگە لەوەش، بەشێک لەو مسەی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران دەڕوات، لەوێوە هەناردەی تورکیا و وڵاتانی دیکە دەکرێت.



