رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، بە 7 مووشەک هێرش کراوەتە سەر سێ ناوچەی سنووری پارێزگەی سلێمانی.
دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاماری هێرشە مووشەکییەکانی ئەم بەیانییەی بەم جۆرە راگەیاند: کاژێر 6:20ی بەیانی رۆژی هەینی بە (7) مووشەک هێرش کرایە سەر ئەم ناوچانە "(4) مووشەک لە گوندی زڕگوێزەڵە، (1) مووشەک لە گوندی قسردی و (2) مووشەک نزیک گردی کوپانی لە قەرەداخ".
دەزگاکە باس لەوە دەکات، "بەدواداچوونی ورد لە لایەن تیمەکانمانەوە بەردەوامە بۆ زانینی زیانە گیانی و ماددییەکانی هێرشەکان".
هاوکات، دژەتیرۆری کوردستان دەڵێت، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، هێزەکانی هاوپەیمانان هەشت درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە ئاسمانی هەولێر تێکشکاند و خستە خوارەوە.
دەشڵێت، هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.
دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، "بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی 17ی تەممووزی 2026، لە کاژێر 4:19 تاوەکو 5:25، هێزەکانی هاوپەیمانان هەشت درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە ئاسمانی هەولێر تێکشکاند و خستە خوارەوە، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە".
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هاونیشتمانییان لە سلێمانی و هەڵەبجەوە بە رووداویان گوت، گوێیان لە دەنگی تەقینەوەی "بەهێز" بووە.
لە سنووری سلێمانی پێشمەرگەی کۆمەڵە شەهید بوون
عەبدوڵڵا ئازەربار، ئەندامی دەفتەری سیاسیی و بەرپرسی کۆمیسیۆنی رێکخستنی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، ئەمڕۆ هەینی 17-7-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نزیک کاژێر 06:00ـی بەیانی ئەمڕۆ لەلایەن ئێرانەوە بە هەشت مووشەکی گەورەی سەنگەربڕ لە سنووری زرگوێزەڵە لە سلێمانی بۆردوومان کراین".
ئازەربار گوتی: "دوایین ئامار نۆ پێشمەرگەمان شەهید بوون و سێ ئەندامی دیکەمان بریندارن و بەداخەوە برینەکانیان زۆر سەختە".
بەگوێرەی ئەو بەرپرسەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی کوردستانی ئێران سێ مووشەک لەو بارەگایەی داوە کە شەهیدی لێکەوتووەتەوە و سێ مووشەکی دیکەش لە هەمان ناوچەی داوە.


