رووداو دیجیتاڵ
بە فەرمی داوا لە پارتی دیموکراتی کوردستان کراوە بگەڕێتەوە ئیدارەی پارێزگای کەرکووک و ئەندامەکانی لە دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگادا بەشداریی بکەن. بەرپرسێکی حیزبەکەش دەڵێ: "دەمانەوێ پێش گەڕانەوە، بەرچاوڕوونیمان هەبێ."
نەجوە کاکەیی، پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی عێراق لە بازنەی کەرکووکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی، بە فەرمی داوایان لە سەرۆک بارزانی کردووە بۆ ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و فراکسیۆنەکەی، بگەڕێنەوە ئیدارە و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرۆک بارزانی بڕیاری نەداوە."
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2023ی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان دوو کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی بردەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەندامەکانی بەشدارییان لە دانیشتنەکانی ئەنجوومەنەکەدا نەکردووە و لە شێوازی هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن ناڕازی بوون.
10ی تشرینی یەکەمی 2024، بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و بەشێکی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە کۆبوونەوەیەکدا لە هۆتێل رەشید لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
نەجوە کاکەیی گوتی: "رەنگە پارتی دیموکراتی کوردستان لەم رۆژانەدا بڕیاری خۆی بدات."
هاوکات سیروان سەید عاسی، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگا داوای کردووە بگەڕێینەوە، بەڵام ئێمە داوای میکانیزمەکەمان کردووە و دەبێ بەرچاوڕوونیمان هەبێ."
سیروان سەید عاسی گوتیشی: "دەستپێشخەریی هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا پارتی وەڵامی کۆتایی نەداوەتەوە."



