رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی خۆجێی ئەنەکەسە لە عەفرین رایگەیاند، ئەمڕۆ دوایین کاروانی ئاوارەکانی عەفرین دەگەڕێنەوە شارەکەیان. بەرپرسێکی خۆجێی سەرێکانیش دەڵێت، ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی ئەو شارە و دەوروبەری دەستیپێکردووە و 14 هەزار خێزان ناویان نووسیوە.
لە سەرەتای ساڵی 2018دا سوپای تورکیا و ژمارەیەک گرووپی چەکداری ئۆپۆزیسیۆنی سووریای ئەو کات و نزیک لە تورکیا هێرشیان کردە سەر عەفرین و چەند ناوچەیەکی دیکەی رۆژئاوای کوردستان و دەستیان بەسەردا گرتن، لەوکاتەوە دەیان هەزار کوردی ئەو شارانە لە ئاوارەییدا دەژین.
گەڕانەوەی کورد بۆ عەفرین
هەرچەند دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە ساڵی 2024، بەشێکی دانیشتووانی کورد گەڕانەوە عەفرین و دەوروبەری، بەڵام هێشتا زۆرینەیان لە ئاوارەییدا دەژیان تاوەکو رێککەوتنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و دەسەڵاتی دیمەشق لە سەرەتای ئەم ساڵدا.
رۆژی 29-01-2026 هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریا رێککەوتن و لەو چوارچێوەیەدا بڕیاردرا ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، دوای ئەوەش لە مانگی ئاداردا رێککەوتنێکی هاوشێوە کرا.
ئازاد عوسمان، ئەندامی ئەنجوومەنی خۆجێیی عەفرینی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ـی تەمموز بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "12 هەزار خێزان مابوون بگەڕێنەوە عەفرین، دوای رێککەوتنی حکومەت و هەسەدە، زۆرینەیان گەڕانەوە، نزیکەی هەزار و 450 ماڵبات لە قامشلۆ و دەوروبەری مابوونەوە، ئەوانیش ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە".
ئەو خێزانە کوردانەی عەفرینیان جێهشتبوو، عەرەبی هاوردە هێنرابوونە سەر ماڵ و حاڵیان.
ئازاد عوسمان گوتی: "لە دوای رێککەوتنی ئادارەوە، نزیکەی هەزار و 350 خێزانی عەرەبی هاوردە لە عەفرین ماونەتەوە. ئەوانە تاوەکو ئێستا دەستیان بەسەر موڵکی ئەو خێزانە کوردەکانی عەفریندا گرتووە، هەیانە دوو بۆ سێ خانووی داگیرکردووە و بە کرێی داون".
بە گوتەی ئازاد عوسمان، دەسەڵاتدارانی خۆجێی عەفرین بەڵێنیان داوە، ئەو عەرەبە هاوردانەش بگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان و خانووەکان بدرێنەوە خاوەنە رەسەنەکانیان کە کوردن.
گەڕانەوە بۆ سەرێکانی
جگە لە عەفرین، تاوەکو ئەمڕۆ زۆرینەی هاونیشتمانیانی سەرێکانی و دەوربەری لە ئاوارەییدا دەژین، ئەندامێکی کۆمیتەی ئاوارەکانی سەرێکانی لە رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، پاککردنەوەی شوێنە مینڕێژکراوەکان بەرەو کۆتایی دەچێت و دوای ئەوە ئاوارەکان دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
زەهرا سەمۆ، ئەندامی کۆمیتەی ئاوارەکانی سەرێکانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پەیوەندییان بە بەرپرسانی دۆسیەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێکانییەوە کردووە و لە وەڵامدا پێیان گوتوون، پرۆسەی پاککردنەوەی مین لە ناوچەکە بەرەو کۆتایی دەچێت و لە ماوەیەکی نزیکدا رێگە سەرەکییەکان لە مین پاک دەکرێنەوە و رێگەی هاتووچۆ دەکرێتەوە.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ئاوارەکانی سەرێکانی گوتی: "پرۆسەی پاککردنەوەی مینەکان لەسەر هێڵی عەلۆک و دربێسیە بە تەواوی کۆتایی هاتووە. بەڵام هێشتا ناوچەیەک بە درێژایی 14 بۆ 15 کیلۆمەتر بەرەو هێڵی تل تەمەر بە مین چێنراوە و پێویستی بە پاککردنەوەیە."
زەهرا سەمۆ ئاماژەی بە رێگرییەکی دیکە لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێکانی کرد، ئەویش دۆسیەی خانوو و ماڵە داگیرکراوەکانە.
ئەندامەکەی کۆمیتەی ئاوارەکانی سەرێکانی گوتی: "بۆ گەڕانەوەیەکی ئارامی ئاوارەکان، پێویستە ئەو کەسە ناڕەسەنانەی لەسەر موڵک و ماڵی خەڵکی سەرێکانی نیشتەجێ بوون، دەربکرێن و بۆ ناوچە رەسەنەکانی خۆیان بگەڕێندرێنەوە، بەتایبەتی ئەو کەسانەی لە گەڕەکی غوێران لە حەسەکە و ناوچەکانی دیکەوە چوونەتە ئەوێ".
سەبارەت بە ژمارەی خێزانە ئاوارەکان، زەهرا سمۆ گوتی: "14 هەزار خێزانی ئاوارە بۆ گەڕانەوە ناوی خۆیان تۆمار کردووە".
زەهرا سەمۆ ئاماژەی بە دۆخی ئاوارەکانی سەرێکانی کرد و گوتی، بەهۆی گەرمای سەخت و نەبوونی ئاوی پاک، بڕانی کارەبا و کەمکردنەوەی هاوکارییە مرۆییەکان لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە، ژیان لە کەمپ و ناوەندەکانی داڵدەداندا زۆر سەخت بووە.
ئەندامەکەی ئەندامی کۆمیتەی ئاوارەکانی سەرێکانی دەشڵێت: "ئامانجی کۆمیتەکەمان دابینکردنی گەڕانەوەیەکی بەشکۆ و ئارامە بۆ سەرجەم ئاوارەکان".


