رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر رایدەگەیێنێت، تورکیا وەبەرهێنی ژمارە یەکە لە هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانیان بە "بڕبڕەی پشتی سەرکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان" ناو دەبات. ئاماژە بەوەش دەکات کە کارکردن بۆ چالاککردنی زیاتری دەروازەی سنووریی زێت بەردەوامە.
لە رێورەسمێکدا کە لە قوتابخانەی مەعارف لە هەولێر بەبۆنەی "رۆژی دیموکراسی و یەکگرتوویی نیشتمانیی تورکیا" (ساڵیادی کودەتا شکستخواردووەکەی 15ـی تەممووز) بەڕێوەچوو، کۆنسووڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر وەڵامی چەند پرسیارێکی رووداوی دایەوە.
کۆنسووڵی تورکیا دڵخۆشیی خۆی بە ئامادەبوونی نوێنەرانی سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران لە بۆنەکەدا نیشاندا و گوتی: "کاک هۆشیار زێباری بە نوێنەرایەتیی جەنابی سەرۆک بارزانی، کاک ئیدریس نێچیرڤان بارزانی بە نوێنەرایەتیی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و کاک سەفین دزەیی بە نوێنەرایەتیی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی ئامادەبوون. ئەمە نیشاندەری هەستی یەکگرتوویی و هێزە لەدژی هەموو جۆرە تیرۆرێک."
سەبارەت بە پەیوەندییە ئابوورییەکان و رۆڵی کۆمپانیا تورکییەکان، کۆنسووڵی گشتیی تورکیا گوتی: "بە شانازییەوە دەیڵێم، بڕبڕەی پشتی سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی هەرێمی کوردستانی عێراق کۆمپانیا تورکییەکانن. ئێمە وەبەرهێنی بیانیی ژمارە یەکین لە هەرێم و ژمارەی کۆمپانیاکانمان بەردەوام لە زیادبووندان."
لەبارەی دەروازەی سنووریی زێت و ئاسانکاریی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل، کۆنسووڵی تورکیا گوتی، پڕۆسەی ئامادەکاریی ژێرخان لە هەردوولا دەستیپێکردووە و هەوڵەکان بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامن.
سەبارەت بەو گرفتانەی هەندێکجار رووبەڕووی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان دەبنەوە لە فڕۆکەخانەی سەبیحە گیوکچەن، کونسوڵی تورکیا رایگەیاند: "ئەو حاڵەتانەی باس دەکرێن زۆر کەمن و لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکەن، لەکاتێکدا دەیان هەزار کەس بەبێ کێشە گەشت دەکەن." گوتیشی، بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی باس دەکرێن، لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان باسی دەکەن
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئەرمان تۆپچوو:
رووداو: لەسەر ئەم بۆنەیەی ئەمڕۆ رێکتان خستووە چی دەڵێن؟
ئەرمان تۆپچوو: کڕۆکی ئەمڕۆ، 15ـی تەممووز، دیموکراسی و یەکگرتوویی نیشتمانییە، کە دەیەم ساڵیادی ئەو کودەتا قێزەونە شکستخواردووەی رێکخراوە تیرۆریستییەکەیە. ئەمڕۆ هەستم زۆر جووڵا [دڵم خۆشبوو]، چونکە بەشدارییەکی گەورە و ئاستبەرزی هاوتاکانمان هەبوو. کاک هۆشیار بە نوێنەرایەتیی جەنابی سەرۆک بارزانی لێرەبوو، کاک ئیدریس بە نوێنەرایەتیی کاک نێچیرڤان ئامادەبوو، کاک سەفین بە نوێنەرایەتیی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، هەروەها هەموو پارتە سیاسییەکانی دیکە. ئێمە بەمە زۆر دڵخۆشبووین، پاڵپشتییەکی زۆر هەبوو، چونکە ئەمڕۆ رۆژێکی زۆر پڕ سۆزە بۆ ئێمە. ئەمە پیشاندەری هەستی یەکگرتوویی و هێز بوو لەدژی هەموو جۆرە تیرۆرێک، بە رێکخراوی (فێتۆ)ـوە. [مەبەستی فەتحوڵڵا گولەنە]. بەڕێز جێگری وەزیر تایبەت بەم چالاکییە لە هەولێرە، ئاشکرایە بەشداریی ئەو چالاکییەکەی بە بایەختر کرد. زۆر دڵخۆشم کە ئەمەمان لە قوتابخانەی مەعارف کرد، کە تاکە نوێنەری سیستمی پەروەردەیی تورکیایە لە عێراق و باشترین قوتابخانەیە لە عێراق.
رووداو: هەروەک ئەو پەیوەندییە بەهێزەی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دەبینین، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا ژمارەی کۆمپانیا تورکییەکان کە لێرە کاردەکەن زیادی کردووە یان کەمیکردووە؟
ئەرمان تۆپچوو: بڕبڕەی پشتی سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی هەرێمەکە [هەرێمی کوردستان] زۆر بە شانازییەوە دەیڵێم، کۆمپانیا تورکییەکانن. ئێمە وەبەرهێنی بیانیی ژمارە یەکین لە هەرێمی کوردستان. کۆمپانیای دیکەش، لەوانەیە بە خێراییەکی گەلێک زۆریش نەبێت، بەڵام لە زیادبووندان. ئەو کۆمپانیایانەی کە لێرەن و کار دەکەن، هەلی کار دەڕەخسێنن و لە هەموو بوارەکاندا وەبەرهێنان دەکەن، ئێمە زۆر شانازیی بەمەوە دەکەین.
رووداو: هەر لە چوارچێوەی بابەتی ئابووری هەردوو دەروازەی زێت لە دیوی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەروازەی دەرەجیک لە پارێزگای هەکاری، کەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لەو دەروازەیە دەستپێدەکات؟
ئەرمان تۆپچوو: من خۆم سەردانی ئەو دەروازە سنوورییەم کرد و دڵم پێی خۆشبوو، دەزانم کە خواست بۆ ئەمە هەیە، ئێستا پرۆسەیەک دەستی پێکردووە. دەبێ چاوەڕێ بکەین. ئەگەر بچییە ئەوێ دەبینی، وەبەرهێنانێک لە ژێرخان هەیە کە دەبێت لەلایەن هەردوو لاوە بکرێت، هەرچەندە ئێستا بۆ ئەم دۆخە ئامادە نییە، بەڵام پرۆسەکە بەردەوامە.
رووداو: ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارانی هەرێمی کوردستان لە فرۆکەخانەی سەبیحە گیوکچەن لەسەر ئاڵای کوردستان و شتی هاوشێوە رێگرییان لێدەکرێت و مۆری پێنج ساڵ قەدەخەی سەفەرکردنییان بۆ تورکیا لە پاسپۆرتەکانیان دەدرێت ، هەوڵتانداوە بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە؟
ئەرمان تۆپچوو: دەبێت بڵێم کە لە بڕی پێدانی ڤیزە، کۆنسووڵخانەکەی من، یەکێک لە باشترین سێ کۆنسووڵخانەکەی جیهانن. ئەو شتانەی گوێمان لێدەبێت لەو فڕۆکەخانەیە، لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکەن. بهێنە پێش چاوت، دەیان هەزار کەس گەشتی تورکیا دەکەن بەبێ ئەوەی تووشی هیچ کێشەیەک بن، بەڵێ هەندێک رووداو هەن کە روودەدەن، ئەمە لە سەرانسەری جیهان روودەدات. من ناتوانم بچمە نێو وردەکارییەکان، چونکە رووداوەکان جیاوازن و دەبێ باسی ئەوە بکەین چ روویدا و ئەو کەسە بۆچی [راگیراوە]، چونکە ڤیزە گەرەنتی ئەوەت ناداتێ کەسێک بچێتە نێو خاکی وڵاتەکەوە، بەڵکو تەنیا ئاسانکارییە. رێپێدانی کۆتایی لە لایەن ئەفسەری سنووری ئەوێوە دەبێت، هاوشێوەی وڵاتانی دیکە. بۆیە، من زۆر دڵخۆشم بەو حەز و خواستەی بۆ تورکیا هەیە، دەیان هەزار کەس بەبێ هیچ کێشەیەک دەڕۆنە ئەوێ. ئەو کێشانەی کە باسیشت کردن، ئێمە لەگەڵ نووسینگەکەی کاک سەفین کاریان لەسەر دەکەین، پشت بەخوا چارەسەریان دەکەین.


