رووداو دیجیتاڵ
کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشت گیانی لە دەستدا و رێکخراوەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، تەقەی لێکراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـی تەممووزی 2026، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویانکردەوە، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشت بە ناوی زانیار لە سنووری پارێزگای سنە، بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژراوە."
بەپێی ئەو رێکخراوانە، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە سنووری گوندی (دەرەکێ)ی سەر بە شاری سەوڵاوا لە ناوچەی هەورامانی پارێزگای سنە، بە پاساوی گواستنەوەی کەلوپەلی قاچاخ، (زانیار)ـیان داوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و گیانی لەدەستداوە.
ئەوە سێیەمین کۆڵبەرە کە لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بکوژرێن. رۆژی 3ـی تەممووز کۆڵبەرێکی خەڵکی روانسەر بە ناوی وەزیر رەحیمی، تەمەن 57 ساڵ و لە 6ـی تەممووزیش، کۆڵبەرێکی خەڵکی مەریوان بە ناوی سەلاح خۆشنەمەک، تەمەن 18 ساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە کوژرابوون.
بەپێی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، پار 26 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و 31 کۆڵبەریش بریندار کراون.
