رووداو - دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە 20 کاژێر لە کڵپەکردنی ئاگرێکی بەتین، تیمەکانی بەرگریی شارستانی و خەڵکی ناوچەکە توانییان ئاگرەکەی گوندی گریانە لە پارێزگای هەڵەبجە کۆنترۆڵ بکەن. بەهۆی ئاگرەکەوە سەدان دۆنم دارستانی سروشتی و باخی جوتیاران سووتان و زیانێکی زۆری ژینگەیی بە ناوچەکە گەیشت.
کڵپەی ئاگرەکە لە گوندی گریانە بە جۆرێک بوو کە هەموو شتێکی لەبەردەمدا دەسووتاند. خەڵکی ناوچەکە بە دەستی بەتاڵ و لە ڕێگەی زۆر سەخت و پڕ هەورازەوە، شەڕی کاتیان دەکرد بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە و پاراستنی رەنجی چەندین ساڵەیان.
عەتا فازیل، ئەندامی ئەنجوومەنی گوندی گریانە ئاماژە بەوە دەکات کە مەترسییەکە زۆر گەورە بوو لەسەر سروشت و دارستانەکانی ناوچەکە، خەڵکیش بە هەموو توانایەکیانەوە هەوڵیان دەدا رێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری بڵێسەکان بگرن.
پیاوێکی تەمەن 75 ساڵ کە لە ناو جەرگەی دووکەڵ و گەرمای ئاگرەکەدا، شانبەشانی گەنجانی گوندەکەی سینگی نابوو بە مەترسییەکانەوە تاوەکو رێگری لە سووتانی زیاتری خاکی گوندەکەی بکات. عەلادین بەو تەمەنەوە نموونەی خۆڕاگریی گوندنشینانی نیشان دەدا لە پاراستنی ژینگەکەیاندا.
سەتان دۆنم زەوی سووتاوە هاوشانی هەوڵە خۆرسکەکانی خەڵکەکە، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە گەیشتنە شوێنەکە. دوای هەوڵێکی بێوچانی 20 کاژێری، دواجار توانرا ئاگرەکە بەتەواوی کۆنترۆڵ بکرێت.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە، ئاگرەکە زیانی بە سەتان دۆنم دارستانی سروشتی و چەندین جۆر داری جیاواز گەیاندووە. ئێستا تیمەکان لە قۆناخی چاودێریکردندان تاوەکو دڵنیا ببنەوە لەوەی ئاگرەکە لە هیچ شوێنێکی دیکەوە سەر هەڵناداتەوە.
ناوچە شاخاوییەکانی هەڵەبجە بەهۆی هەبوونی دارستانێکی چڕ، ساڵانە لە وەرزی هاویندا رووبەڕووی مەترسیی ئاگرکەوتنەوە دەبنەوە، کە زۆرجار بەهۆی سەختیی رێگاکانەوە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بە زەحمەت دەگەنە شوێنی رووداوەکان.
