رووداو - دیجیتاڵ
بۆ زیاتر لە 24 کاژێر ئاگرێکی بەهێز لە دارستان و پاوانەکانی قەزای ماوەت بەردەوامە و بەهۆیەوە نزیکەی هەزار دۆنم زەوی بوونەتە خۆڵەمێش. پۆلیسی دارستان و خەڵکی ناوچەکە سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنین، بەڵام تەقینەوەی مین و تەقەمەنییە کۆنەکان بووەتە مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانی تیمەکان.
ئاگرەکە سنووری گوندەکانی [ژاژڵە و بەربەرد]ی گرتووەتەوە. عەبدوڵڵا سەعید، گوندنشینێکی ناوچەکەیە و بە رووداوی راگەیاند: "نازانین هۆکارەکەی چییە، ئایا ئاگرەکە لە کاتی دروستکردنی ئاگربڕەوە دروستبووە یان کەسێک بۆ هەنگ بردن ئاگری کردووەتەوە، بەڵام ئەنجامەکەی کارەساتبارە و هەموو شتێکی سووتاندووە."
14 کاژێر هەوڵ و سەرهەڵدانەوەی بڵێسەکان دوای کەوتنەوەی ئاگرەکە، تیمەکانی پۆلیسی دارستانی ماوەت بە هەماهەنگی لەگەڵ نیشتەجێبووانی گوندەکان هەڵمەتێکی فراوانیان بە کەرەستەی سەرەتایی دەستپێکرد. دوای 14 کاژێر تەقەلای بەردەوام توانرا ئاگرەکە رابگیرێت، بەڵام توندیی رەشەبا هەموو هەوڵەکانی سڕییەوە و بڵێسەی ئاگرەکەی جارێکی دیکە گەشکردەوە.
حوسێن، ئەندامی ئەنجوومەنی گوندی شینکی، لەبارەی قورسیی دۆخەکەوە دەڵێت: "جارێک کوژاندمانەوە، بەڵام بەیانی دیسانەوە سەریهەڵدایەوە. لە خەفەتی ئەو ئاگرە و سووتانی ژینگەی ناوچەکە ئەسڵەن نەخەوتووم."
مەترسیی مین و زیانە ژینگەییەکان یەکێک لە ئاستەنگە هەرە گەورەکانی بەردەم تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، هەبوونی مین و تەقەمەنییە لەو سنوورەدا کە پاشماوەی شەڕەکانی رابردووە. بەهۆی گەرمیی ئاگرەکەوە ناوە ناوە مینەکان دەتەقنەوە، ئەمەش وایکردووە تیمەکان نەتوانن بە ئاسانی لە ناوەندی ئاگرەکە نزیک ببنەوە.
زیانە سەرەتاییەکانی ئاگرەکە:
- رووبەر: نزیکەی 1,000 دۆنم دارستان و پاوان بووەتە خەڵووز.
- ژینگە: لەناوچوونی هەزاران داری سروشتیی چەندین ساڵە.
- ئاژەڵە کێوییەکان: ئاوارەبوون و لەناوچوونی سەدان ئاژەڵ و باڵندەی کێوی.
گوندەکانی ژاژڵە و بەربەرد بە دووریی 58 کیلۆمەتر دەکەونە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی. سەرەڕای هەڵواسینی دەیان تابلۆی رێنمایی بۆ پاراستنی ژینگە، بەڵام کەمتەرخەمی و ئاگرکەوتنەوەی بەردەوام ساڵانە زیانی قەرەبوونەکراوە بە سروشتی کوردستان دەگەیەنێت.