رووداو - دیجیتاڵ
لە نێو جەرگەی ماڵەکانی گوندی قەریەتاخ لەسەر رێگەی هەولێر-گوێڕ، کارگەیەکی نایاسایی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی مەترسیی لەسەر ژیانی دانیشتووان دروستکردبوو. دوای بەدواداچوونی رووداو و گەیشتنی لیژنەکانی چاوەڕێریکردن، دەرکەوت کارگەکە نایاساییە و بڕیاری داخستنی درا.
کارگەکە کە دروست لە نێو ماڵەکانی گوندەکەدایە، سووتەمەنییەکانی وەک نەوت و تەنەری تێدا بەرهەمدەهێندرا. یەکێک لە کرێکارەکانی کارگەکە بە رووداوی گوت: "ئەوەی لێرە بەرهەم دەهێندرێت تەنیا تەنەرە و لە رێگەی سنوورەوە هەناردەی سووریا دەکرێت."
حەبیبە خدر، دانیشتوویەکی گوندەکەیە و دەڵێت: "منداڵەکانمان هەموو لە نەخۆشخانەن بەهۆی بۆنی ئەم کارگەیەوە؛ ئەگەر ئێرە ئاگر بگرێت، هەموو ماڵەکانمان دەسووتێت."
سوهەیلە مەجید، یەکێکی دیکە لە دانیشتووان ئاشکرای دەکات کە فێڵ لە مۆڵەتەکە کراوە و دەڵێت: "ئەمانە بە ناوی کارگەی زاهی(شلەی شوشتنی قاپ) مۆڵەتیان وەرگرتووە، بەڵام کردوویانەتە کارگەی تەنەر." هەروەها قادر لەشکر، هۆشداری دەداتە حکومەت و دەڵێت: "دوای ئەوەی ئێرە سووتا، نەڵێن ئاگادار نەکراوینەتەوە."
مۆڵەتمان هەیە لە بەرامبەردا، ئومێد عەلی، خاوەنی کارگەکە بانگەشەی ئەوە دەکات کە کارەکەیان یاساییە و دەڵێت: "مۆڵەتمان هەیە و بۆ دانانی لەم شوێنەش حسابمان کردووە، تاوەکو ئێستاش هیچ کێشەیەکمان نەبووە."
بەڵام دوای ئەوەی لیژنەکانی چاوەڕێکردن گەیشتنە شوێنەکە، دەرکەوت کارگەکە لە شوێنێکی نەگونجاو و مەترسیدایە و مۆڵەتی ئەو کارەی نییە کە تێیدا ئەنجام دەدرێت، بۆیە دەستبەجێ بڕیاری داخستنی درا.
داخستنی ئەم کارگەیە دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی رابردوودا چەندین رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە کۆگا و کارگە نایاساییەکانی سووتەمەنی لە دەوروبەری هەولێر روویانداوە و زیانی گەورەی گیانی و ماددییان لێکەوتووەتەوە.
